خامنەیی داوا لە عێراق دەکات بۆ راگرتنی شەڕی غەززە گوشار لە ئیسرائیل و ئەمریکا بکات

06-11-2023
نیشانەکردن شەڕی ئیسرائیل و حەماس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تاران لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و داوای کرد عێراق چاودێری جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنی نێوانیان بکات و لەبارەی شەڕی غەززەوە رۆڵ ببینێت لە گوشار خستنەسەر ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ راگرتنی شەڕەکە. 
 
رۆژی دووشەممە، 06-11-2023، عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و ماڵپەڕی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە، پرسی شەڕی غەززە و هاوئاهەنگیی تاران و بەغدا بوو.
 
عەلی خامنەیی داوایکردووە، عێراق رۆڵێکی تایبەت بگێڕێت لە زیادکردنی گوشاری سیاسیی جیهانی عەرەب و ئیسلامی بۆ سەر ئەمریکا و ئیسرائیل بە مەبەستی راگرتنی شەڕی غەززە.
 
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران باسی رێککەوتنە ئەمنی و ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵاتەکەی کردووە و گوتوویەتی، کاروبارەکان بە باشی پێشڤەچوون، بەڵام دەبێ ئاگاداربن بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان بەردەوام بن و خاو نەبنەوە لە جێبەجێکردنیان.
 
ئێران و عێراق لە 19-03-2023 رێککەوتنێکیان بە ناوی پاراستنی سنوورەکان بە ئامانجی سنووردارکردنی چالاکیی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان واژۆ کرد. یەک لە خاڵەکانی ئەو رێککەوتنە، دوورخستنەوەی پێشمەرگەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو لە ناوچە سنوورییەکان. 
 
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاندووە، رێککەوتنەکە جێبەجێ کراوە. ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت، بەشێک لە خاڵەکانی ئەو رێککەوتنە جێبەجێکراون و لیژنە تایبەتەکانی ئەو وڵاتە سەرقاڵی چاودێری و بەدواداچوونن لەبارەی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە