کچێکی فەلەستینی دوای چوار رۆژ لەژێر داروپەردوو بە زیندوویی رزگارکرا

06-12-2023
ماریا لە پاش رزگارکردنی.
ماریا لە پاش رزگارکردنی.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لەنێو ئەو کوژراو و بریندارانەی دەگەیێندرێنە نەخۆشخانەی ئەقسا لە دێر بەلەح لە کەرتی غەززە، ماریای تەمەن 14 ساڵ دۆزرایەوە کە لە پاش هێرشێکی ئیسرائیل، چوار رۆژ بێ خواردن و خواردنەوە لەژێر داروپەردوو مابووەوە.
 
ئەو ئێستا لە نەخۆشخانە چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە.
 
ماریا دەڵێت، "چووم بخەوم و دوای خەوێکی کەم لە خەو هەستام. دەستەکانم ئاوا [وەکو ڤیدیۆکە] لێکرد، ئازارێک لە ملم هەبوو، هەستم دەکرد لەسەر بەرد خەوتووم. دەستەکانم ئاوا لێکرد، دەستم بەر دیوارێک کەوت. بەهۆی ئازاری زۆرەوە، خەوم لێکەوتەوە. بەردەوام لە خەو هەڵدەستام و دەخەوتمەوە. کە خۆر هەڵات، بینیم دەورم هەمووی داروپەردووە".
 
ماریا لەژێر دەستی پزیشک و پەرستاران، وردە وردە دۆخی باش دەبێت.
 
ماریا دەشڵێت، "چوار رۆژ بوو بۆردوومانمان لەسەر بوو، لەژێر داروپەردوو گیرمان خواردبوو، دەستمان نە بە خۆراک دەگەیشت و نە ئاو. دەبەیەک ئاویشمان نەبوو. کە هەوڵمان دەدا بێینە دەرەوە، بەرد بەر هەموو جەستەمان دەکەوت. بەردی زۆر لەسەر رێگەمان بوو".
 
رزگارکردنی ماریا قورستر بوو کاتێک تیمەکانی فریاکەوتن کەوتنە ژێر بۆردوومانی فرۆکە جەنگییەکان.
 
وائیل مەعنی، پەرستارە و باس لەوە دەکات، "بەخێرایی ئەوێمان چۆڵ کرد، سەیربکە چی بەسەر ئامبوڵانسەکەماندا هاتووە. هیچ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە نەبوو. راستەوخۆ کراینە ئامانج. دوو لە هاوپیشەکانم بریندار بوون".
 
ماریا لەژێر داروپەردوو رزگارکرا، بەڵام جگە لە خوشکەکەی لانا، سەرجەم کەسوکارەکەی بێ هەواڵن.
 
بەگوتەی تەندروستیی غەززە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە کەرتی غەززە تائێستا گیانیان لەدەستداوە 16200 کەسی تێپەڕاندووە. بەرپرسانی کەرتەکە دەڵێن، ئیسرائیل 100 هەزار بۆمبی فڕێداوەتە خوارەوە و بەهۆیەوە "تاوەکو ئێستا 6500 کەس لە ژێر داروپەردوودان".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە