ئەمریکا و حووسییەکان لەسەر ئاگربەست رێککەوتن

07-05-2025
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی عومان رایانگەیاند، ئەمریکا و حووسییەکانی یەمەن لەسەر ئاگربەست رێککەوتوون، چەکداران چیدی کەشتیی بازرگانی لە رێڕەوە ئاوییەکان ناکەنە ئامانج، لە بەرامبەریشدا ئەمریکا هێرشە ئاسمانییەکانی دەوەستێنێت.
 
رێککەوتنەکە دوای ئەوە هات حووسییەکان رایانگەیاند، چیدی کەشتیی بازرگانی لە سنوورە ئاوییەکان هەراسان ناکەن. دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش رایگەیاند، لە بەرامبەردا ئەوانیش هێرشەکانیان لە دژی ئەو گرووپە چەکدارییە دەوەستێنن، کە ئێران پشتگیریان دەکات.
 
بەدر ئەلبوسەیدی، وەزیری دەرەوەی عومان کە لە چەند هەفتەی رابردوودا رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە نێوەندگیریکردنی دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکان لەنێوان ئێران و ئەمریکا رایگەیاند، ئەو گفتوگۆ و پەیوەندییانەی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە کردوویانە، "رێککەوتنی ئاگربەستی لەنێوان هەردوولا لێ بەدیهات."
 
بەدر لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "هیچ لایەکیان هێرش ناکەن، ئەمە دڵنیایی ئازادی بۆ جووڵەی دەریایی دەگەڕێنێتەوە و رێگەی بازرگانیی نێودەوڵەتی" لە دەریای سوور خۆشدەکات.
 
ترەمپ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی لە کۆشكی سپی رایگەیاند، حووسییەکان "چیدی بەرهەڵەستی ناکەن." ئەمەش دوای ئۆپەراسیۆنێکی حەوت هەفتەیی چڕ و پڕی بۆمبارانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حووسییەکان.
 
محەمەد عەبدولسەلام، گوتەبێژی حووسییەکان رایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا دەست بە هێرش بکاتەوە، ئەوانیش دەست بە هێرش دەکەنەوە. گوتیشی "گەرەنتی راستەقینەی ئەم رێککەوتنە ئەم ئەزموونە تاریکەیە کە ئەمریکا لە یەمەن بینیویەتی."
 
وا دیارە ئەم رێککەوتنە ئیسرائیل ناگرێتەوە. مەهدی مەشەت، سەرکردەی سیاسی حووسییەکان گوتی، "هێرشی سەر ئیسرائیل بەردەوام دەبن و لە سەرووی ئەوەشەوە دەبن کە چاوەڕوان دەکەن."
 
دوای ئەوەی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد، حووسییەکانی یەمەن لە کۆتاییەکانی 2023 دەستیان کرد بە بەئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن.
 
بەڵام هێرشی حووسییەکانیش بێ وەڵام نەمانەوە، هەریەک لە ئەمریکا، بەریتانیا و ئیسرائیل لەگەڵ چەند وڵاتێکی دیکەی هاوپەیمان چەندین هێرشیان بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن کردووە و زەرەر و زیانی زۆریان ناوەتەوە.
 
هەفتەی رابردوو پێنتاگۆن رایگەیاند، لە ناوەڕاستی مانگی ئادارەوە هەزار پێگەی لە یەمەن کردووەتە ئامانج.
 
بەڕێوەبەری فرۆکەخانەی سەنعاش رایگەیاند، تەنیا لە هێرشەکانی ئەم چەند رۆژەی ئیسرائیل بۆ سەر فرۆکەخانە نێودەوڵەتییەکە زیانی 500 ملیۆن دۆلاریان پێگەیشتووە.
 
بەگوێرەی کۆمیسیۆنی نیشتیمانی بۆ لێکۆڵینەوە، لە لە دوای حەوتی ئۆکتۆبەری 2023ەوە زیاتر لە 650 کەس لە یەمەن لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی کوژراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە