رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی ئیسرائیل تەرمی بارمتەیەکی تایلاندیان لە کەرتی غەززە گەڕاندەوە کە لە هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بە بارمتەگیرابوو.
رۆژی شەممە، 7ـی حوزەیرانی 2025، هێزەکانی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت و هاوبەشی سوپا و دەزگەی ئاسایشی ئیسرائیلی ناسراو بە شین بێت، لە غەززە تەرمی بارمتەیەکی تایلاندیان بەناوی "ناتاپۆنگ پینتا"، گەڕاندووەتەوە.
ئیسرائیل رایگەیاندووە، هێزەکانیان لە ناوچەی رەفەح لە باشووری کەرتی غەززە ئەو تەرمەیان دۆزیووەتەوە و گەڕاندوویانەتەوە.
بەیاننامەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو هاووڵاتییە، لە کۆمەڵگە جوونشینەکانی "نیرعۆز" لە باشووری ئیسرائیل لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بە زیندوویی بە بارمتەگیراوە و لەکاتی دەستبەسەرییدا لەکەرتی غەززە کوژراوە.
هێزەکانی ئیسرائیل کەتیبەکانی موجاهیدین، کە گرووپێکی چەکداری نزیک لە جیهادی ئیسلامی هاوپەیمانی حەماسە، تۆمەتبار دەکەن بە کوشتنی ئەو بارمتەیە.
یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "ناتاپۆنگ لە تایلاندەوە بۆ کارکردن لە بواری کشتوکاڵدا، هاتبووە ئیسرائیل، تاوەکو داهاتوویەکی باشتر بۆ خۆی و خێزانەکەی دروست بکات."
حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاندووە، خێزانی بارمتەکە و بەرپرسانی تایلاندی لە ئۆپەراسیۆنی هێنانەوەی تەرمەکە ئاگادار کردووەتەوە.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، لە کۆی 251 بارمتە کە لە هێرشەکەی حەماسدا بەدیل گیران، هێشتا 55یان لە کەرتی غەززە ماون و گیان لەدەستدانی 34یان لەلایەن ئیسرائیلەوە پشتڕاست کراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ