کەتیبەکانی حیزبوڵلا: هەوڵەکانمان چڕدەکەینەوە بۆ زانینی چارەنووسی ژنە ئیسرائیلییەکە

07-07-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی دۆسیەی ئەمنی و گوتەبێژی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق، رەتیدەکاتەوە دەستیان لە رفاندنی ژنە ئەکادیمستێکی رووسی - ئیسرائیلی لە بەغدا هەبێت و دەڵێت: "هەوڵەکانمان چڕدەکەینەوە بۆ زانینی چارەنووسی ئەو دیلە زایۆنییە یان دیلەکانی زایۆنی لە عێراق."
 
رۆژی پێنجشەممە، 6-7-2023، بەرپرسی دۆسییەی ئەمنی و گوتەبێژی کەتیبەکانی حیزبوڵای عێراق، کە گرووپێکی چەکداری شیعەکانی نزیک لە ئێرانە، رایگەیاند: "دانپێدانانی سەرۆکوەزیرانی قەوارەی زایۆنی بە دیل بوونی ئەندامێکی ئەمنیی ئیسرائیلی لە عێراق ئاماژەیەکی زۆر مەترسیدارە و پێویستی بە هەڵوەستە و لەسەر وەستان و مامەڵە لەگەڵ کردنە بە وردی و تووندی، پێویستە لەسەر دەزگا ئەمنییە تایبەتمەندەکانیش ئەو تۆڕانە ئاشکرابکات، کە پەیوەندییان بەو قەوارەوە هەیە و بدرێنە دادگە."
 
رۆژی چوارشەممە، 5ی تەممووزی 2023 نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، چوار مانگە هاووڵاتییەکی ئیسرائیلی - رووسی بەناوی ئێلیزابێت تسورکۆڤ، لە عێراق بێسەروشوێنە، بەڵام ئێستا بۆیان ئاشکرا بووە، کە ئەو ئافرەتە زیندووە و لەلای چەکدارانی کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقەوە دەستبەسەرە.
 
بەڵام کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق رەتیدەکاتەوە، ئەو ئافرەتە لەلای ئەوان بێت و دەڵێت: "هەوڵەکانمان چڕدەکەینەوە بۆ زانینی چارەنووسی ئەو دیلە یان دیلەکانی زایۆنی لە عێراق لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و بۆ زانینی نیازی ئەو مافیا تاوانکارانە و ئەوانەشی کە ئاسانکاری جوڵەکانیان لە وڵاتێکدا دەکەن، کە مامەڵەکردن لەگەڵیان بەتاوان دەزانێت و قەدەخەی دەکات."
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، "تسورکۆڤ هێشتا لە ژیاندا ماوە و عێراقیش بە بەرپرسیار دەزانین لە چارەنووس و سەلامەتی."
 
نووسینگەکەی نەتەنیاهوو ئاماژەی بەوەشکردووە، "تسۆرکۆڤ ئافرەتێکی ئەکادیمییە و لەسەر داوای خۆی بە مەبەستی توێژینەوەیەکی دکتۆرا بەناوی زانکۆی پرینستنی ئەمریکییەوە سەردانی عێراقی کردووە."
 
تسورکۆڤ، کە لە تویتەر چالاکە، دوا تویتی لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوو بووە، کە لینکی توێژینەوەیەکی خۆی بووە دەربارەی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا، کە لە سووریان.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە