رووداو دیجیتاڵ
میدیای دەوڵەتی تورکیا رایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتیمانیی تورکیا (میت) سبەی سێشەممە سەردانی بەغدادبکات.
بەگوێرەی هەواڵی میدیای فەرمیی وڵاتەکە، بڕیارە ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی میتی تورکیا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق پرۆسەی چارەسەری تاوتوێ بکەن.
ئەوە لە کاتێکدایە، ئیبراهیم کاڵن رۆژی سێشەممە، 1ی ئەم مانگە، هاتە هەولێر و بە جیا لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
وەک میدیای دەوڵەتی تورکیا دەڵێت، سەرۆکی میت لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان، پرۆسەی چارەسەری تاوتوێ کردووە و جەختی لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان سوپای وڵاتەکەی و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کردووەتەوە و بە گرنگی زانیوە تووندوتیژی و شەڕ لە ناوچەکەدا کۆتایی بێت.
هەر بەگوێرەی میدیای دەوڵەتی تورکیا، سەرۆکی میت لەو دیدارانەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، لە قۆناخی داهاتوودا ئەنقەرە دیدار و پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق زیاتر دەکات.
پرۆسەی ئەم جارەی چارەسەری لە تورکیا
لە 1ی تشرینی یەکەمی پاردا هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن دەسەڵاتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" و لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەهێندرێت.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
12ی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
تۆڕی میدیایی رووداو، زانیاری لە دوو سەرچاوەی ئاگادار لە هەرێمی کوردستان وەرگرتووە بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، لە رۆژانی داهاتوودا گرووپێکی گەریلا کە هێشتا ژمارەکەیان دیار نییە و لەنێوان 20 بۆ 30 کەسدا دەبن، لە رێوڕەسمێکدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە ئامادەبوونی میدیاکان چەکەکانیان دادەنێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ