کۆمکاری عەرەبی: رێککەوتنی دیمەشق و هەسەدە هەنگاوێکە بۆ بەهێزکردنی سەروەریی سووریا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمکاری عەرەبی پێشوازی لە واژۆکردنی رێککەوتنی ئاگربەست و تێکەڵکردنی تەواوەتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریادا کرد و گوتی: "هەنگاوێکی گرنگە لە بنیاتنانی دەوڵەتێکی نوێ لە سووریا و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی وڵات."
 
رۆژی دووشەممە 19-01-2026 سکرتارییەتی گشتیی کۆمکاری عەرەبی رایگەیاند، ئەم رێککەوتنە هەنگاوێکی گرنگە لە کاروانی بنیاتنانی دەوڵەتێکی نوێ لە سووریا و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی وڵات. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، "ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی چەسپاندنی سەروەریی دەوڵەت بەسەر تەواوی خاکەکەیدا و لە چوارچێوەی هاوبەشییەکی نیشتمانیدا دەبێت."
 
کۆمکاری عەرەبی دووپاتیکردەوە، پابەندە بە پشتگیریکردنی هەموو ئەو هەوڵانەی کە دەبنە هۆی پاراستنی سەقامگیری، یەکپارچەیی و سەروەریی خاکی سووریا. هەروەها داوای چڕکردنەوەی هەوڵە عەرەبییەکانی کرد بۆ هاوکاریکردنی سووریا لەم قۆناخە هەستیارەدا.
 
ئەم هەڵوێستەی کۆمکاری عەرەبی دوای ئەوە دێت، رۆژی یەکشەممە 18-01-2026، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، رێککەوتنێکی 14 بڕگەیییان واژۆ کرد. بەپێی رێککەوتنەکە، هەسەدە لە ناو وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی سووریادا تێکەڵ دەکرێت و ئیدارەی پارێزگەکانی رەققە و دێرەزوور بە تەواوەتی رادەستی حکومەتی ناوەندی دەکرێنەوە.
 
ئەم پێشهاتە سیاسییە لە کاتێکدایە، بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک، مەزڵووم عەبدی لە دیمەشقە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع. هاوکات بارودۆخی مەیدانی ئاڵۆزە؛ هەسەدە رایگەیاندووە کۆنترۆڵی زیندانی شەدادی لە باشووری حەسەکە لەدەستداوە و هۆشداری لە هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر زیندانی قەتان لە رەققە دەدات، کە هەزاران چەکداری داعشیان تێدایە.
 
هەرچەندە وڵاتانی ناوچەکە وەک میسر، ئوردن، سعودیە، قەتەر و تورکیا، لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک کۆمکاری عەرەبی پێشوازییان لەم ئاگربەستە کردووە، بەڵام تۆمەتبارکردنی یەکدی لە لایەن دیمەشق و هەسەدەوە بە ئازادکردنی داعشان و پێشێلکردنی ئاگربەست، تەواوی پڕۆسەی ئاشتیی وڵاتەکەی خستووەتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەند دیمەنێکی ساتی رووداوەکە

هێلیکۆپتەرێکی ئیسرائیل لە کەرتی رۆژئاوای فەڵەستین تێکشکا

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێلیکۆپتەرێکی سەربازیی جۆری بلاک هۆک لەکاتی ئۆپەراسیۆنێک لە کەرتی رۆژئاوای فەڵەستین تێکشاوە. رووداوەکە دوای ئەوە هات، هێلیکۆپتەرەکە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا بەهۆی خراپیی بارودۆخی کەشوهەواوە ناچار بوو بەپەلە بنیشێتەوە