رووداو دیجیتاڵ
رێبەری دروزەکان، جارێکی دیکە داوای سەربەخۆیی پارێزگای سوەیدای لە سووریا کردەوە و دەڵێت، شوێنکەوتووانی "بەشێکی دانەبڕاون لە ئیسرائیل."
حیکمهت هەجەری، رێبەری دروزەکان لە پارێزگای سوەیدای باشووری سووریا رایگەیاند، "خۆمان بە بەشێکی دانەبڕاو لە بوونی دەوڵەتی ئیسرائیل دەبینین." ئاماژەی بەوەش کردووە، داواکاریی سەرەکییان "سەربەخۆیی تەواوە،" بەڵام دەکرێت قۆناخێکی گواستنەوە هەبێت بە شێوەی خۆبەڕێوەبەری لەژێر چاودێریی "دەستەبەرێکی دەرەکی."
هەجەری دەڵێت، "ئیسرائیل تاکە گەرەنتی و لایەنی رێگەپێدراوە بۆ رێکخستنەکان لە داهاتوودا."
ئەو رێبەرەی دروزەکان دەڵێت، پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل مێژووییە و بەستراوەتەوە بەو پەیوەندییە خێزانییانەی لەنێوان دروزەکانی سوەیدا و دروزەکانی جۆلان هەن، ئەمەش "پشتگیرییەکی راستەقینە" بۆ داواکارییەکانیان دابین دەکات.
هەجەری جەختی لەوە کردەوە، هیچ پەیوەندییەکیان بە "رژێمی دیمەشق"ەوە نییە و ئەو رژێمەی ئێستا بە "دڕندەتر" لەوەی پێشوو وەسف کرد و گوتی، "ئەم دەسەڵاتە درێژکراوەی راستەوخۆی رێکخراوی قاعیدەیە."
گوتیشی، "دەسەڵاتی ئێستای سووریا، تەنیا هەوڵی لەنێوبردنی دروزەکان نادات، بەڵکو هەر کەمینەیەک کە لەگەڵیاندا کۆک نەبێت."
رێبەری دروزەکان باسی لەوەش کرد، هەموو پێکهاتەکانی سووریا، بە عەلەوییەکانیشەوە، بەدەست تووندوتیژییەوە دەناڵێنن. هاوکات جەختی لە "بەردەوامیی پەیوەندییە ستراتیژییەکانیان لەگەڵ هێزە کوردییەکان" کردەوە و ستایشی ئەدای مەدەنی و ئەمنیی ئەوانی کرد.
"هەندێک دەوڵەت تێوەگلاون لە پشتگیریکردنی رژێم"
حیکمهت هەجەری باسی لە "دابەشبوون و بونیادنانی خۆبەڕێوەبەری هاوشان لەگەڵ سەربەخۆیی" کرد و گوتی، "ئەمە داهاتووە، بەم شێوەیە داهاتوویەکی باشتر بۆ کەمینەکان و سەقامگیریی ناوچەیی بۆ تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بونیاد دەنێین."
ئەو رێبەرەی دروزەکان گوتی، "هیچ دەوڵەتێکی عەرەبی پشتگیریی ئێمەی نەکرد، ئەوان لایەنگری بکوژیان کرد نەک قوربانی، میدیا عەرەبییەکانیش وێنەی ئێمەیان وەک نەوەکانی شەیتان نیشان دا."
هەجەری گوتیشی، "هیچ سەرکردەیەکی عەرەب سەرکۆنەی کۆمەڵکوژییەکانی نەکرد، تەنانەت هەندێک دەوڵەت بەشێوەیەکی راستەوخۆ تێوەگلاون لە پشتگیریکردنی رژێم، تورکیا لە سەرووی هەموویانەوەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ