سعودیە رەزامەندی بە ئیمارات داوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل هەڵپەسێرێت

07-09-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سعودیە رەزامەندی دەداتە ئیمارات بۆ پاشەکشەکردن لە رێککەوتننامەی ئەبراهام و دروستکردنی پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل ئەگەر ئەو وڵاتە کەرتی رۆژئاوای فەلەستین بە خاکەکەیەوە بلکێنێت.
 
ماڵپەڕی کانی ئیسرائیلی زانیارییەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، قسەی چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی شاهانەی سعودیە وەرگرتووە.
 
بەپێی راپۆرتەکە، ئەو پرسە لە کۆبوونەوەیەکی ئەمدواییەدا لەنێوان محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە و محەممەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات لە هەفتەی رابردوو تاوتوێکراوە. 
 
کۆبوونەوەکەیان لە ریازی پایتەختی سعودیە بوو. ئاژانسی فەرمی هەواڵی سعودیە بڵاویکردەوە کە ئەو دوو بەرپرسە باڵایەی کەنداو "دوایین پێشهاتەکانی فەلەستین" و، چەند بابەتێکی دیکەیان خستووەتەڕوو.
 
میدیای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو دوو سەرکردەیە رێککەوتوون لەسەر ئەوەی پاشەکشەکردن لە رێککەوتننامەکانی ئەبراهام بژارەیەکی "گونجاو" دەبێت ئەگەر هەنگاوەکانی ئیسرائیل بەرەو لکاندنی بەشێکی کەناری رۆژئاوا بە ئیسرائیلەوە بێت. 
 
میدیاکانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە کردووە هەر هەنگاوێکی لەو شێوەیە، پرۆسەی بەرەوپێشچوونی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سعودیەش رادەگرێت.
 
ئیمارات لە ساڵی 2020 رەزامەندی دا لەسەر دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل لە بەرامبەر وەستاندنی پلانی ئەو وڵاتە بۆ لکاندنی بەشێک لە کەرتی رۆژئاوا بە خاکەکەیەوە.
 
لەم دواییەشدا، ئیمارات چەندین هۆشداری داوەتە ئیسرائیل لە دژی چالاککردنەوەی پلانەکانی بۆ لکاندنی بەشێک لە خاکی فەلەستین بە ئیسرائیلەوە. 
 
میدیای ئیسرائیل ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ئەو رەزامەندییەی سعودیە و ئەگەری پاشگەزبوونەوەی ئیمارات، بنیامین نەتەنیاهووی بە ئاستێک نیگەران کردووە کە پرسی لکاندنی لە لیستی تەوەرەکانی کۆبوونەوەی کابینەی حکومەت لە شەوی پێنجشەممەی رابردوودا لابردووە.
 
هەفتەی رابردوو، سعودیە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا لێدوانەکانی ئیسرائیلی لەبارەی ئاوارەکردنی فەلەستینییەکان لە غەززە سەرکۆنە کرد و ئیسرائیلی بە جینۆساید لەو کەرتە تۆمەتبار کرد، بەڵام بەیاننامەکە ئاماژەی بە لکاندنی بەشێک کەرتی رۆژئاوا بە ئیسرائیلەوە نەکردبوو.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە