رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا ئامادەکاری دەکات بۆ دامەزراندنی بنکەیەکی سەربازیی لەیەکێک لە بنکە ئاسمانییەکانی نزیک شاری دیمەشق، ئەمەش وەکو هەنگاوێکی پێنتاگۆن بۆ هاوکارییکردن و سەرخستنی رێککەوتنی ئەمنی لەنێوان سووریا و ئیسرائیل کە واشنتن سەرپەرشتی دەکات.
بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز کە لەزاری چەندین بەرپرسی ئەمریکی و سووریایی بڵاویکردووەتەوە، ئاشکرای کردووە، پلانەکەی ئەمریکا ئەوەیە بۆ یەکەمجار ئەو بنکە سەربازییە لە پایتەختی سووریا دابمەزرێنێت، ئەمەش وەکو "هەنگاوێکی نوێ بۆ رێکخستنەوەی ستراتیژییەتی ئیدارەی ترەمپ لە سووریا."
بنکەکە دەکەوێتە ئەو دەروازەیەی پایتەخت کە بەرەو ناوچەکانی باشووری سووریا دەڕوات و بە گوێرەی ئەو رێککەوتنەی ئەمنیەی لەنێوان سووریا و ئیسرائیل لەلایەن حکومەتی ئەمریکا سەرپەرشتی دەکرێت، چاوەڕێ دەکرێت ئەو ناوچەیە، ببێتە ناوچەیەکی لەچەک داماڵدراو.
بڕیارە رۆژی دووشەممە لە کۆشکی سپی، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە.
بەرپرسانی ئەمریکا، وڵاتانی ئەورووپی و سووریایی بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە، ئەمریکا پلانی هەیە ئەو بنکەیە بەکار بهێنێت بۆ چاودێریکردنی ئەو رێککەوتنەی چاوەڕێ دەکرێت لەنێوان ئیسرائیل و سووریا واژۆ بکرێت.
بەرپرسێکی ئەمریکا کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، رایگەیاندووە، "ئەمریکا بە بەردەوامی هەڵسەنگاندن بۆ پێگەی سەربازیی خۆی لە سووریا دەکات، ئەمەش بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی داعش، بەڵام هیچ شتێک ناڵێین لەسەر ئەو شوێن و بنکانەی هێزەکانی ئەمریکا چالاکی تێدا دەکەن."
بەرپرسێکی سەربازیی رۆژئاوایی، لەبارەی ئەو پلانەی ئەمریکا رایگەیاندووە، پێنتاگۆن لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا هەنگاوەکانی نێو پلانەکەی خێراتر کردووە و هەڵسەنگاندن و پشکنینی بۆ بنکەکە کردووە.
دوو سەرچاوەی سەربازیی سووریایش رایانگەیاندووە، گفتوگۆ تەکنیکییەکان لەسەر بەکارهێنانی ئەو بنکەکەیە لەلایەن هێزی ئەمریکا، تەنیا بەمەبەستی لۆجستیکی، چاودێرییکردن و هاوکارییە مرۆییەکانە و حکومەتی سووریا سەروەری تەواوی لەسەر بنکەکە دەمێنێت.
کاربەدەستێکی سەربازیی سووریا، ئاشکرای کردووە، بەرپرسانی ئەمریکا بە فڕۆکەی سەربازی جۆری C-130 سەردانی بنکەکەیان کردووە، بۆ ئەوەی دڵنیا بن لەروەی هێڵی فڕین بۆ ئەو ناوچەیە گونجاوە و سەرچاوەیەکی ئاسایشی سووریاش رایگەیاندووە، ماوەیەکە ئەمریکا فڕۆکەکانی لەو بنکەیە دەنیشنەوە، ئەمەش وەکو قۆناخی تاقیکردنەوەی بنکەکە.
ئەمریکا زیاتر لە 10 ساڵە، هێزەکانی لەناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا جێگیر کردووە، ئەمەش وەک بەشێک لە هەوڵەکانی هاوکارییکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، بە سەرۆکایەتیی کورد، بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش.
لە مانگی نیسانی رابردوو، پێنتاگۆن رایگەیاند، ژمارەی سەربازەکانی لە سووریا بۆ هەزار سەرباز کەم دەکاتەوە.
دواتریش، ئەحمەد شەرع، رایگەیاند، هەر هێزێکی ئەمریکا لەنێو خاکی سووریا، هەبێت، دەبێت بەرەزامەندی و رێککەوتنی لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا بێت.
بەرپرسانی ئەمریکاش رایانگەیاندووە، چاوەڕێ دەکرێت بەم نزیکانە سووریا، ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش.
هەروەها بەرپرسانی ئەمریکی ئاشکرایان کردووە، پلانی کردنەوەی ئەو بنکە سەربازییە لەلایەن ئەمریکاوە، یەکێک بووە لە تەوەرە سەرەکییەکانی، سەردانەکەی 12ی ئەیلوولی ژەنەڕاڵ براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا "سێنتکۆم"، بووە بۆ دیمەشق.
هەروەها بەرپرسانی ئەمریکی ئاماژەیان بەوە کردووە، ئیدارەی ترەمپ گوشاری خستووەتە سەر سووریا بۆ ئەوەی پێش کۆتایی ئەم ساڵ بگەنە رێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل و رەنگە پێش گەشتەکەی شەرع بۆ واشنتن، رێککەوتنەکە رابگەیێندرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ