گواستنەوەی عێراق بۆ رووداو: بڕیار بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان لە بەغداوە بۆ دیمەشق نەدراوە

08-02-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی بەغداوە بۆ فڕۆکەخانەی دیمەشق نەدراوە.
 
مەیسەم سافی،گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، 08-02-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان لەنێوان بەغدا و دیمەشق تەنیا پەیوەست نییە بە بڕیاری وەزارەتی گواستنەوەوە، بەڵکو کۆمەڵێک لایەنی دیکەی پەیوەندیدار لە حکومەتی عێراق لەو پرسەدا بەشدارن.
 
مەیسەم سافی گوتی، تاوەکو ئێستا حکومەت بڕیاری دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی دیمەشق نەداوە و راشیگەیاند: "هەر کاتێک بڕیاری پێویست درا، ئێمەش رێکارە پێویستەکان دەگرینەبەر بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان."
 
دەسەڵاتی نوێی سووریا لە 7ی کانوونی دووەمی 2025 ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ فڕۆکەخانەکانی وڵاتەکەی کردەوە کە لە سەرووبەندی رووخانی دەسەڵاتی ئەو کاتی ئەو وڵاتە لە 8ی کانوونی یەکەمی 2024 راگیرابوون.
 
پێش تێکچوونی دۆخی سووریا و هێرشی هێزەکانی سەر بە دەستەی تەحریری شام بۆ سەر دیمەشق، مانگانە نزیکەی 40 گەشتی ئاسمانی لەنێوان فڕۆکەخانەی بەغدا و دیمەشق ئەنجام دەدران.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە