سەربازانی ئیسرائیل منداڵێکی ساوا و چوار کەسی دیکەیان لە غەززە کوشتن

23 خولەک له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رۆژی شەممە، لە غەززە تەرمی منداڵێکی ساوا و چوار کەسی دیکە بە خاک سپێردران کە رۆژی هەینی لە لایەن سەربازانی ئیسرائیلەوە لە پشتەوەی هێڵی ئاگربەستەوە تەقەیان لێ کرا و کوژران.
 
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە، لە چەند هەفتەی رابردوودا ئاگربەستی لەرزۆکی نێوان ئیسرائیل و حەماس تووشی چەقبەستوویی بووە.
 
رامی محەننا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شیفا رایگەیاند، ئەو پێنج کەسە لە گەڕەکی توفاح لە رۆژهەڵاتی شاری غەززە کوژراون.
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، هێزەکانیان "ژمارەیەک کەسی گوماناوییان لەنێو پێگەکانی فەرماندەیی لە رۆژئاوای هێڵی زەرد" بینیوە و تەقەیان لێکردوون.
 
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کردووە، رووداوەکە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.
 
هێڵی زەرد ئەو بەشەی غەززە کە لەژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدایە لە بەشەکەی دیکەی جیا دەکاتەوە. ئەو هێڵە بەپێی رێککەوتنی ئاگربەست بە نێوەندگیریی ئەمریکا دیاریکراوە کە لە مانگی تشرینی یەکەمەوە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
 
هەروەها بەگوێرەی بەرپرسێکی ئەمریکی، رۆژی هەینی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پلانی هەبووە لە فلۆریدا میوانداریی بەرپرسانی باڵای وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات، کە نێوەندگیریی ئاگربەستی غەززە دەکەن.
 
ئامانجی گفتوگۆکان ئەوەیە ئاگربەستەکە بەرەو قۆناخی دووەم ببرێت کە زۆر ئاڵۆزترە.
 
قۆناخی یەکەم لە مانگی تشرینی یەکەم دەستیپێکرد.
 
لە کۆی 251 بارمتەی ئیسرائیلی، حەماس 250ی رادەستکردوونەتەوە. 
 
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی غەززە، لە جەنگی غەززەدا زیاتر لە 70 هەزار و 660 فەلەستینی کوژراون کە نزیکەی نیوەیان ژن و منداڵن.
 
هەرچەندە ئاگربەستەکە کە ئێستا لە مانگی سێیەمدایە تا راددەیەک بەردەوامە، بەڵام بەهۆی تۆمەتبارکردنی یەکدی بە پێشێلکاری لەلایەن هەردوولاوە، پڕۆسەکە خاوبووەتەوە.
 
چاوەڕوان دەکرێت قۆناخی دووەمی رێککەوتنەکە ئاڵنگاریی گەورەتر لەخۆبگرێت، لەوانە جێگیرکردنی هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ سەقامگیری، پێکهێنانی دەستەیەکی حوکمڕانیی تەکنۆکرات بۆ غەززە، چەککردنی حەماس و کشاندنەوەی زیاتری هێزەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە