سوپای ئیسرائیل: گومانلێکراوێکی داعشمان لەنێو خاکی سووریا دەستگیرکرد

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رۆژی شەممە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لەم چەند رۆژەی رابردوودا، هێزەکانیان لەنێو خاکی سووریا کەسێکیان دەستگیر کردووە گومانی لێدەکرێت پەیوەندی بە رێکخراوی داعشەوە هەبێت و گواستوویانەتەوە بۆ ئیسرائیل.
 
سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "رۆژی چوارشەممە سەربازەکانمان لە ناوچەی رەفید لە باشووری سووریا ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ دەستگیرکردنی تیرۆریستێک ئەنجامداوە، کە گومانی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش لێدەکرێت".
 
ئاماژەی بەوەش کردووە: "گومانلێکراوەکە بۆ تەواوکردنی رێکارەکان، گوێزراوەتەوە بۆ نێو خاکی ئیسرائیل".
 
سوپای ئیسرائیل دوو وێنەی بڵاوکردنەوە گوایە ئەو چەکانە نیشان دەدەن کە لە چەکدارە گومانلێکراوەکە گیراون. چەکەکان پێکدێن لە تفەنگ، نیشانشکێن، نارنجۆک و دەمانچە لەگەڵ چەندین فیشەکدان. 
 
راگەیێندراوەکەی سوپای ئیسرائیل هاوکاتە لەگەڵ چڕبوونەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش لە سووریا. 
 
رۆژی هەینی ئەمریکا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "چاوی هەڵۆ"دا هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر دەیان پێگەی داعش لەو وڵاتە.
 
هێرشەکەی ئەمریکا وەکو وەڵامدانەوەیەک بوو بۆ کوژرانی دوو سەربازی ئەمریکی و وەرگێڕێکی سڤیل لە هێرشێکی هەفتەی رابردوودا لە شارۆچکەی تەدمور.
 
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، فڕۆکەی جەنگی، هێلیکۆپتەر و تۆپخانەکانیان بەکارهێناوە بۆ تێکشکاندنی ژێرخانی داعش و کۆگاکانی چەک، هەروەها هێزەکانی ئوردنیش بەشدارییان تێدا کردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە