رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا ئیبراهیم کاڵن، سەردانی ئێرانی کرد و لەگەڵ عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتلاعاتی ئێران کۆبووەوە.
بەپێی میدیایی فەرمیی ئێران، ئیبراهیم کاڵن لەگەڵ بەرپرسانی ئێران باسی لە دۆخی سووریا و چەندین بابەتی دیکە کردووە. هەروەها وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان و وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عێراقچی بە تەلەفۆن قسەیان کرد.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی میدیای فەرمیی تورکیا بڵاویکردوونەتەوە کە لە سەرچاوە ئەمنییەکانەوە وەریگرتووە، ئیبراهیم کاڵن رۆژی 8ـی شوباتی 2025 سەردانی ئێرانی کردووە. کاڵن لە تاران لەگەڵ عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان و ئیسماعیل خەتیب کۆبووەتەوە.
بەپێی میدیای تورکیا، لەو کۆبوونەوانەدا، رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە و داعش، هەڕەشە هاوبەشەکانی دژی هەردوو وڵات، دۆخی سووریا، ئاگربەستی غەززە و دۆخی فەلەستین بە شێوەیەکی فراوان تاوتوێ کراون.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانیش، لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات، پێشهاتەکانی ناوچەکە و دوایین دۆخی سووریا تاوتوێ کراون. هەروەها جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە تورکیا و ئێران لە چەندین بابەتدا خاوەنی بۆچوونی هاوبەشن.
هاوکات ئاژانسی فەرمی تورکیا بڵاویکردووەتەوە، هەمان رۆژ هاکان فیدان و عەباس عێراقچی بە تەلەفۆن قسەیان کردووە و باسی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات و دۆخی فەلەستینیان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ