رووداو دیجیتاڵ
دوو فڕۆکەی بۆمبهاوێژی ئەمریکی لە جۆری 'B52' بە پاسەوانی چەند فڕۆکەیەکی جەنگی ئیسرائیلی، گەشتێکیان بە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا کرد.
لەو کاتەی، کە جۆ بایدن دەسەڵاتی سەرۆکایەتی ئەمریکای وەرگرتووە، ئەمە دووەمجارە فڕۆکەی 'B52' بە ئاسمانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەفڕن.
لە مانگی یەکی ئەمساڵیشدا، بەر لە کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دوو فڕۆکەی 'B52' بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سووڕانەوە.
ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، هەردوو فڕۆکەی بۆمبهاوێژی 'B52' بە پاسەوانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بە ئاسمانی ئەو وڵاتە، سعودیە و قەتەردا سووڕاونەتەوە.
هەرچەندە لە راگەیێندراوەکەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا بەناو باسی ئێرانی نەکردووە، بەڵام بە روونی گوتویەتی، ئامانج لە گەشتەکان بۆ بەرپەرچدانەوەی دوژمنکارییەکان و هەروەها دڵنیاکردنەوەی هاوبەش و هاوپەیمانانی ئەمریکایە لە پابەندبوونی سوپای ئەمریکا بە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.
گەشتەکانی هەردوو فڕۆکەی 'B52' لەدوای رووداوی تەقینەوەی کەشتییەکی بارهەڵگری ئیسرائیلی لە دەریای عومان دێت، کە حکومەتی ئیسرائیل راستەوخۆ تارانی بە بەرپرس لە تەقینەوەکان دانا.
سووڕانەوەی ئەو دوو فرۆکەیە بە ئاسمانی سعودیەدا لە کاتێکدایە کە دوێنێ یەکشەممە حوسییەکانی یەمەن بە فرۆکەی بێفرۆکەوان هێرشیان کردە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ