رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی کوێت رایانگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ وڵاتەکەیان رووبەڕووی شەپۆلێکی هێرشی مووشەکی بالیستی و درۆنی بووەتەوە، لە ئەنجامدا دوو ئەفسەری هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستداوە و زیانیش بەر کۆگاکانی سووتەمەنیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کوێت گەیشتووە.
وەزارەتی ناوخۆی کوێت، ئەمڕۆ یەکشەممە (8ـی ئاداری 2026) لە راگەیێندراوێکدا "شەهیدبوونی" دوو ئەفسەری بە ناوەکانی (موقەدەم روکن عەبدوڵڵا عیماد شەراح) و (رائید فەهد عەبدولعەزیز موجەمەد) راگەیاند، کە کارمەندی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سنوورە وشکانییەکان بوون.
هاوکات عەقید روکن سعود عەبدولعەزیز عەتوان، گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی کوێت رایگەیاند، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی سێ مووشەکی بالیستییان تێکشکاندووە کە ئاسمانی وڵاتەکەیان بەزاندبوو. گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوەشکرد سیستمەکانی بەرگری و فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانی "هێشتا لە رووبەڕووبوونەوەی شەپۆلێکی درۆنە نەیارەکان و پاراستنی ئاسمانی وڵات بەردەوامن."
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی کوێت، یەکێک لە هێرشە درۆنییەکان راستەوخۆ کۆگاکانی سووتەمەنیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کوێتی پێکاوە. هەروەها هێرشەکان زیانی ماددییان بە هەندێک لە دامەزراوە مەدەنییەکان گەیاندووە، ئەوەش بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی مووشەکە تێکشکێنراوەکان.
سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتیی سوپای کوێت داوای لە هاووڵاتییان و دانیشتووانی وڵات کردووە پابەندی رێنماییە ئەمنییەکان بن و رایگەیاندووە: "ئەو دەنگی تەقینەوانەی دەبیسترێن، ئەنجامی تێکشاندنی ئامانجە نەیارەکانە لەلایەن سیستمەکانی بەرگرییەوە."
ئەم هێرشانە بۆ سەر کوێت لە کاتێکدایە، ناوچەکە بە گشتی لەناو جەنگێکی فراواندایە کە لە 28ـی شوباتی رابردووەوە دەستیپێکردووە و تێیدا ئیسرائیل و ئەمریکا و ئێران و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانیان لە لوبنان، عێراق و ناوچەکانی دیکە بە مووشەک و درۆن هێرش دەکەنە سەر یەکدی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ