بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە فڕۆکەخانەی دووبەی داخرا و کوێت بەرهەمهێنانی نەوتی کەمکردەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وڵاتانی کەنداو رۆژی شەممە شەپۆلێکی نوێی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێرانیان تۆمارکرد. ئەمە لە کاتێکدایە جەنگ پێی ناوەتە دووەم هەفتەیەوە.
 
سەرەڕای داوای لێبووردنی پێشووتری مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، تاران بەڵێنی داوە هێرشەکانی بۆ سەر ئەو شوێنانە بەردەوام بێت، کە لە خزمەت هێزەکانی ئەمریکادان.
 
لە شاری دووبەی، تەقینەوەی بەهێز بیسترا و بەرپرسانی شارەکە رایانگەیاند، هاووڵاتییەکی پاکستانی بەهۆی کەوتنی پاشماوەی مووشەکێکی تێکشکێندراوەوە گیانی لەدەستداوە. محەممەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات رایگەیاند، وڵاتەکەی لە "قۆناخێکی جەنگدایە" و بە بەهێزی لێی دەردەچێت.
 
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دووبەی، کە قەرەباڵخترین فڕۆکەخانەی جیهانە، بۆ ماوەیەکی کاتی داخرا، دوای ئەوەی درۆنێک لە نزیک تێرمیناڵەکان تێکشکێندرا. 
 
هەرچەندە کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ئیمارات سەرەتا گەشتەکانی راگرت، بەڵام دواتر دەستی بە کارکردن کردەوە. وەزارەتی بەرگریی ئیمارات ئاشکرایکرد، لە دەستپێکی جەنگەوە، رووبەڕووی 221 مووشەکی بالیستی و زیاتر لە 1,300 درۆن بوونەتەوە.
 
لە سعودیە، سیستمە بەرگرییەکان سێ مووشەکی بالیستییان تێکشکاند کە بەرەو بنکەی ئاسمانیی شازادە سوڵتان (شوێنی جێگیربوونی هێزە ئەمریکییەکان) دەڕۆیشتن، هەروەها 17 درۆن لە ئاسمانی کێڵگەی نەوتیی شەیبە تێکشکێندران.
 
لە کوێت، دوای تێکشکاندنی 7 درۆن، کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی بڕیاری دا بەرهەمهێنانی نەوتی خاو وەک "رێکارێکی خۆپارێزی" کەم بکاتەوە، ئەوەش بەهۆی مەترسییەکانی سەر گەرووی هورمز و هێرشە بەردەوامەکانی تاران.
 
حکومەتی بەحرێن رایگەیاند، لە دەستپێکی "دەستدرێژییەکانی ئێران"، 92 مووشەک و 151 درۆنیان تێکشکاندووە. دوێنێ شەو بەهۆی کەوتنی پارچەیەک مووشەک لە شەقامێکی مەنامە، کەسێک بریندار بوو.
 
وەزارەتی بەرگریی قەتەر رایگەیاند، دوو هێرشی مووشەکییان لە ئاسماندا پووچەڵ کردووەتەوە.
 
عەممان رایگەیاند، لە هەفتەی رابردوودا 119 مووشەک و درۆنی ئێرانی بە دیاریکراوی چەند ناوەندێکی ناو خاکی ئوردنیان کردووەتە ئامانج و تەنیا "تێپەڕبوونی ئاسمانی" نەبووە.
 
ئەم هەڵکشانانە دوای ئەوە دێن، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، هەر شوێنێک لە وڵاتانی دراوسێ کە "لە بەردەستی دووژمندا بێت" (بۆ هێرشکردنە سەر ئێران)، دەبێتە ئامانجی هێرشەکانیان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە