رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی قەتەر رایگەیاند، وڵاتەکەیان لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە رووبەرووی هێرشێکی مووشەکی بووەتەوە و هێزە بەرگرییەکانیشیان توانیویانە زۆربەی مووشەکەکان تێکبشکێنن.
بەپێی راگەیێندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی رێنمایی مەعنەوی لە وەزارەتی بەرگریی قەتەر کە ئەمرۆ یەکشەممە (8ی ئاداری 2026) بڵاوکراوەتەوە، رۆژی شەممە دەوڵەتی قەتەر لەرێگەی 10 مووشەکی بالیستی و دوو مووشەکی کرووزەوە لەلایەن ئێرانەوە هێرشی کراوەتە سەر.
وەزارەتی بەرگریی قەتەر دەڵێت: "هێزە چەکدارەکانمان سەرکەوتوو بوون لە تێکشکاندنی 6 مووشەکی بالیستی و دوو مووشەکی کرووز، هەروەها دوو مووشەکی دیکەی بالیستی لەناو ئاوە هەرێمییەکان و 2 مووشەکیش لە ناوچەیەکی چۆڵدا کەوتوونەتە خوارەوە، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانیان لێ بکەوێتەوە."
لە راگەیێندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە هێزە چەکدارەکانی قەتەر خاوەنی توانا و ئامادەکاریی تەواون بۆ پاراستنی سەروەریی خاک و ئاسمانی وڵاتەکەیان و بە تووندی بەرپەرچی هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی دەدەنەوە.
وەزارەتی بەرگریی قەتەر داوا لە هاووڵاتیان، نیشتەجێبووان و گەشتیاران دەکات کە ئارام بن و پابەندی رێنماییە ئەمنییەکان بن، هەروەها دووربکەونەوە لە هەر دەنگۆ و پڕوپاگەندەیەک و تەنیا پشت بە زانیاری و سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن.
لە 28ی شوباتەوە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپیکردووە، ئێرانیش بەردەوامە لە وەڵامدانەوەی هێرشەکان و لە چوارچێوەی ئەو وەڵامدانەوانەش بە مووشەک و درۆن هێرش دەکاتە سەر وڵاتانی کەنداو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ