هەوڵەکانی لادانی نەتەنیاهوو لە دەسەڵات زیاتر دەبن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یاییر گۆلان، سەرۆکی پارتی دیموکراتەکان لە ئیسرائیل، داوا لە گادی ئایزنکۆت، سەرۆکی پارتی (یەشار) دەکات یان بچێتە نێو هاوپەیمانییەکەی (بێنێت - لەپید) یان لەگەڵ پارتەکەی ئەو یەکبگرێت، ئەمەش بە ئامانجی دروستکردنی بەرەیەکی بەهێز دژی بنیامین نەتەنیاهوو لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا.
 
یاییر گۆلان لە گوتارێکدا لە دامەزراوەی (بێرڵ کاتزنێڵسۆن) رایگەیاند، ئەم ساتەوەختەی ئێستا لە هەمووان گەورەترە و گوتی، "دابەشبوونی بەرەی دژ بە حکومەت دەنگی نوێ ناهێنێت، بەڵکو تەنیا هێزەکانمان پەرتەوازە دەکات."
 
گۆلان رووی دەمی کردە ئایزنکۆت و داوای لێکرد بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدات و گوتی، "داوات لێدەکەم بەرەکەمان زیاتر دابەش نەکەیت؛ یان بچیتە نێو هاوپەیمانییەکەی بێنێت و لاپید، یان وەرە نێو پارتی دیموکراتەکان و ماڵی ئایدیۆلۆژی و ئەخلاقیی بەرەی لیبراڵ بەهێزتر بکە. سەرکەوتن لە هەڵبژاردن و رزگارکردنی دەوڵەت بەندە بەوەی تاوەکو چەند پێکەوە بە بەهێزی دەوەستین."
 
هەفتەی رابردوو، یاییر لاپید، سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل بە نەفتالی بێنێتی راگەیاندبوو، ئامادەیە لە لیستە هاوبەشەکەیاندا پلەی سێیەم وەربگرێت (نەک دووەم)، ئەگەر ئەوە یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی گادی ئایزنکۆت رازی بکەن بێتە نێو هاوپەیمانییەکەیان.
 
ئایزنکۆت پێشتر پێشوازی لە هاوپەیمانیی نێوان بێنێت و لاپید کردبوو و بە "هاوپەیمان" ناویبردن، بەڵام ئاماژەی بەوە کردبوو، رەنگە ئەو هاوپەیمانییە نەتوانێت دەنگی لایەنگرانی راستڕۆی نەتەنیاهوو بۆ لای خۆی رابکێشێت.
 
بەپێی راپرسییەکی کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی کە هەفتەی رابردوو بڵاوکرایەوە، ئەگەر ئایزنکۆت بچێتە نێو هاوپەیمانییەکەی بێنێت و لاپید، دەتوانن 41 کورسیی پەرلەمان (کنێسێت) بەدەستبهێنن، بەڵام هێشتا باڵانسی هێز لە نێوان هەردوو بەرە سەرەکییەکەدا وەک خۆی دەمێنێتەوە.
 
سەرەڕای ئەوەی ئایزنکۆت تاوەکو ئێستا داواکانی بۆ چوونە نێو هاوپەیمانیی (پێکەوە) رەتکردووەتەوە، بەڵام دەنگۆی ئەوە هەیە، دەستی بە گفتوگۆ کردووە لەگەڵ ئەڤیگدۆر لیبەرمان، سەرۆکی پارتی (ئیسرائیل ماڵمانە)، هەرچەندە تاوەکو ئێستا وردەکاریی ئەوە بڵاونەکراوەتەوە کێ سەرۆکایەتی لیستەکە دەکات و کورسییەکان چۆن دابەش دەکرێن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە