رووداو دیجیتاڵ
لە هێرشێکی ئاسمانیی سوپای ئیسرائیلدا بۆ سەر شاری غەززە، کوڕی یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی بزووتنەوەی حەماس کوژرا.
سەرچاوە پزیشکییەکان لە نەخۆشخانەی شیفا لە غەززە بە میدیاکانییان راگەیاند، "عەزام خەلیل حەییە"، کوڕی خەلیل ئەلحەیە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە غەززە، رۆژی چوارشەممە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە. پێشتر باوکی، کە یەکێکە لە بڕیاردەرە سەرەکییەکانی حەماس، پشتڕاستی کردبووەوە کە کوڕەکەی لە هێرشێکی سوپای ئیسرائیلدا بە سەختی بریندار بووە.
خەلیل حەییە، یەکێکە لە کەسایەتییە هەرە بەهێزەکانی نێو بزووتنەوەی حەماس و ئێستا سەرکردایەتیی تیمی دانوستاندنکاری بزووتنەوەکە دەکات بۆ گەیشتن بە ئاگربەست.
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە، ئیسرائیل ستراتیژیی "بڕینی سەرەکان"ـی گرتووەتە بەر، کە تێیدا نەک تەنیا سەرکردەکان، بەڵکو ئەندامانی خێزانەکانیشیان دەکاتە ئامانج.
پێشتریش سێ کوڕ و چەند نەوەیەکی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماس، لە هێرشێکدا کوژران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ