زیادبوونی ژمارەی کۆچبەران خەڵکی تونسیان نیگەران کردووە

09-07-2024
کۆچبەران تونس وەکو ترانزێت بۆ ئەورووپا بەکاردەهێنن.
کۆچبەران تونس وەکو ترانزێت بۆ ئەورووپا بەکاردەهێنن.
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆیەکەدا دەردەکەوێت، دیمەنی بیابانێکی تونسە پڕ لە کۆچبەری ئەفریقییە. پۆلیسی تونس دەستگیریان دەکات و بە دەستبەسەرکراوی دیپۆرتی جەزائیر لە رۆژئاوا یان لیبیا لە رۆژهەڵاتی تونس دەکات.
 
نزیکەی پێنج ساڵە تونس بۆ سەکۆیەکی قەرەباڵخ و جێی سەرنجی کۆچبەر و قاچاخچییانی وڵاتانی ئەفریقای باشوور گۆڕدراوە؛ 
لەوێوە بە دەریای نێوەڕاست، دەچنە ئەوروپا.
 
محەممەد، کۆچبەرێکی سوودانییە و دەڵێت: "خەڵک نەخۆش و هیلاکن و لێرە لە تونس هیچ لایەنێك نییە هاوکارییان بکات،  پۆلیسی تونس جووڵەی لێ بڕیوین؛ دەستگیرمان دەکات و دەستبەجێ دیپۆرتی سنوورەکانمان دەکات".
 
زۆریی ژمارەی کۆچبەران خەڵکی نیگەران کردووە. ئەشرەف، هاووڵاتی تونس دەڵێت: "بارودۆخەکە زۆر خراپە، خەڵکی تونس لەو هەموو کۆچبەرە ترساوە چونکە نازانن کێن و چین. ئاسایشیان نەماوە و ترس لە تاوان زیادی کردووە".
 
لە دوو ساڵی رابردوودا، یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ وڵاتانی باکووری ئەفریقا لە نێویاندا میسر، لیبیا و تونس رێککەوتنی تایبەت بە بەرپەرچدانەوەی کۆچبەرانیان واژۆکرد؛ بە گوێرەی رێککەوتنەکە سەرووی 74 ملیۆن یۆرۆ بۆ میسر؛ نزیکەی 8 ملیۆن یۆرۆ بۆ لیبیا و؛ زیاتر لە 100 ملیۆن یۆرۆ بە تونس دەدات تاوەکو رێگری لە چوونی کۆچبەران بەرەو ئەوروپا بکات.
 
تونس دەڵێت لەو چوارچێوەیەدا کاری باشیان کردووە.
 
رەمەزان بن عومەر، چالاکڤانی مافی مرۆڤە و دەڵێت: "لایەنی ئەوروپی بە تایبەتی ئیتالی دڵخۆشی خۆی ناشارێتەوە لە ئاست کەمبوونەوەی ژمارەی کۆچبەران، بەهۆی رێكارە ئەمنییەکانی تونسەوە چوونی کۆچبەران بەرەو ئەوروپا 60٪  کەمی کردووە".
 
سەرەڕای ئەو رێژە دڵخۆشکەرەیە، هێشتا ژمارەکانی وەزارەتی ناوخۆی تونس رەشبینن؛ لە 2023 سەرووی 70 هەزار کۆچبەر روویان کردووەتە تونس، 40 هەزار زیاتر لەوانەی 2022؛ نزیکەی 78٪یان کۆچبەری وڵاتانی باشوور و نێوەڕاستی ئەفریقان.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە