کابینەی ئەمنیی حکومەتی ئیسرائیل پلانی نەتەنیاهوو بۆ دەستبەسەرداگرتنی غەززە قبووڵ دەکات

08-08-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کابینەی ئەمنیی ئیسرائیل پێشنیازەکەی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی کەرتی غەززە پەسند کرد، سەرۆکوەزیران رایدەگەینێت، لەدوای کۆنترۆڵکردنی کەرتەکە، ئیدارەدانی غەززە دەدرێتە هێزێکی عەرەبی. 
 
رۆژی پێنجشەممە 08ـی ئابی 2025، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە بەیاننامەیەکدا پەسندکردنی پلانەکەی غەززەی راگەیاند. نەتەنیاهوو چەند کاژێرێک پێش کۆبوونەوەی کابینەی ئەمنی بە کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی راگەیاند، مەبەستی ئیسرائیل کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی کەرتی غەززەیە.
 
کۆبوونەوەکە 10 کاژێری خایاندووە و بەرپرسانی ئیسرائیل رایانگەیاندووە، ئێستا کۆنترۆڵی 75٪ـی کەرتەکەیان کردووە، بەڵام سوپای ئیسرائیل تاڕادەیەک خۆی لە چوونە نێو ئەو 25٪ـی دیکە بەدوورگرتووە، کە زۆربەی خەڵکی سڤیل و کەمپی ئاوارەکان دەگرێتەوە و لەنێویشیان شاری غەززە لە نێوەڕاستی کەرتەکە لەخۆدەگرێت. 
 
سوپای ئیسرائیل پێیوایە زۆربەی بارمتەکانی ماون لەو ناوچانە دەستبەسەرن و ترسی ئەوەیان هەیە لەوەی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆن بۆ سەر ئەو ناوچانە بکات و حەماسیش لە بەرامبەردا ئەو بارمتانە بکوژێت.
 
ئەو 25٪ـی ماوەتەوە نزیکەی 800 هەزار فەلەستینی تێدا دەژی و زۆربەیان پێشتر چەندین جار ئاوارە بوون. 
 
بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل بە میدیای ئەمریکای راگەیاندووە، ئەو پلانەی کابینەکە پەسندی کردووە، خەڵکی غەززە بەرەو باشووری کەرتەکە دەگوازرێنەوە. پاشان سوپای ئیسرائیل گەمارۆی شاری غەززە دەدات و هێرشە زەوینییەکانی بۆ ئەو ناوچەیە فراوان دەکات، بەمەبەستی لەنێوبردنی هەر چەکدارێکی حەماس لەوێ مابن.
 
بەرپرسە ئیسرائیلییەکە ئاماژەی بەوە کردووە دوای کۆنترۆڵکردنی شاری غەززە، سوپای ئیسرائیل بەرەو ناوچە کۆنترۆڵنەکراوەکانی دیکەی غەززە دەڕوات.
 
بەیاننامەکەی نووسینگەی نەتەنیاهوو روونیکردەوە کە ئیسرائیل هاوکاری مرۆیی بۆ ئەو فەلەستینیانە دابین دەکات، کە دەکەونە ئەو ناوچانەی ئۆپەراسیۆنیان تێدا دەکات.
 
رۆژی چوارشەممە، مایک هاکەبی، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل رایگەیاند، دامەزراوەی مرۆیی غەززەی مشتومڕاوی، کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە پشتیوانی دەکرێت، کارەکانی لە سێ بنکەی دابەشکردنی خۆراکەوە بۆ 16 بنکە فراوان دەکات.
 
بەیاننامەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆرینەی ئەندامانی کابینەی ئەمنی ئەو وڵاتە پشتگیریان لە لیستێکی پێنج خاڵی کردووە کە ئیسرائیل داوای جێبەجێکردنیان دەکات پێش ئەوەی رازی بێت بە کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ حەماس کە بریتین لە؛ چەکداماڵینی گرووپی تیرۆریستی، گەڕاندنەوەی هەر 50 بارمتەی ماوە و بەگوێرەی زانیارییەکانی ئیسرائیل 20یان لە ژیاندا مابن، داماڵینی کەرتی غەززە لە چەک، کۆنتڕۆڵی ئەمنی ئیسرائیل بەسەر کەرتی غەززەدا و کۆتا خاڵیش بوونی حکومەتێکی سڤیل وەکو جێگرەوە کە حەماس یان دەسەڵاتی فەلەستینی نەبێت.
 
شەوی پێنجشەممە، نەتەنیاهوو لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی رایگەیاند، دوای ئەوەی سوپا کۆنترۆڵی کەرتەکە تەواو دەکات، کەرتی غەززە رادەستی "هێزە عەرەبییەکان" دەکات.
 
بەگوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، فەرماندە سەربازییەکان، هۆشدارییان لە فراوانکردن و پلانی دەستبەسەرداگرتنی تەواوی کەرتی غەززەیان داوە و هەندێکیان لە کۆبوونەوەکەدا، رایانگەیاندووە ئەو پرۆسەیە، رەنگە ساڵێک بۆ دوو ساڵی پێویست بێت تاوەکو تەواو بێت و ئەگەری هەیە قۆناخی سەرەتایی شەڕ و پێکدادانەکان پێنج مانگ بخایەنێت.
 
نووسینگەی نەتەنیاهوو لە بەیاننامەکەیدا رایگەیاندووە، ئایەڵ زەمیر، سوپاسالاری سوپای ئیسرائیل لە کۆبوونەوەکەدا پلانێکی بەدیلی بۆ پلانەکەی نەتەنیاهوو پێشکێشکردووە، بەڵام زۆرینەی ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە بڕیاریان دا، کە نەدەبووە هۆی شکستپێهێنانی تەواوەتی حەماس یان ئازادکردنی بارمتەکان.
 
لەکاتی کۆبوونەوەکەدا، ئەندامانی تیمی دانوستاندنکاری بارمتەکانی ئیسرائیل داوایان لە وەزیرەکان کرد، کە هیچ پلانێک پەسەند نەکەن کە لە داهاتوودا دەرگای رێککەوتن دابخات.
 
بەگوێرە راپۆرتە میدیاییەکان نەتەنیاهوو وەڵامی داوەتەوە کە ئۆپەراسیۆنی شاری غەززە لە هەر کاتێکدا بێت، دەکرێت بوەستێنرێت ئەگەر حەماس بە داواکارییەکانی ئیسرائیل رازی بێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە