رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
حەماس دەڵێت، ئیدارەی ئەمریکا بەرپرسیاری راستەوخۆی "تاوانی لەناوبردن و برسیکردن"ـە لە کەرتی غەززە.
رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی حەماس ئیدارەی ئەمریکا بە بەرپرسیاری سەرەکی لە "تاوانەکانی ئیسرائیل" دادەنێت بەهۆی "پشتگیریی سیاسی و سەربازیی" واشنتن بۆ تەل ئەڤیڤ. هاوکات داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەکات کە هەنگاو بنێن بۆ لێپرسینەوە لە سەرکردەکانی ئیسرائیل.
لە راگەیێندراوێکدا، ئەمڕۆ هەینی، بزووتنەوەی حەماس جەختی کردەوە کە ئیدارەی ئەمریکا بەرپرسیارێتیی راستەوخۆی "تاوانی لەناوبردن و برسیکردن"ی لە کەرتی غەززە لە ئەستۆدایە. حەماس دەڵێت، "تاوانەکانی ئیسرائیل نەیدەتوانی رووبدات ئەگەر گڵۆپی سەوزی ئەمریکا نەبوایە.
حەماس داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە "هەنگاوی بەپەلە و کرداری" بنێن بۆ راگرتنی "پلانەکانی ئیسرائیل" و دڵنیابوون لە لێپرسینەوە لەگەڵ سەرکردە ئیسرائیلییەکان. بزووتنەوەکە ئاماژەی بە راپۆرتی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە بەڵگەی لەسەر ئەنجامدانی "تاوانی جینۆساید" لەلایەن ئیسرائیلەوە خستووەتەڕوو، و داوای کردووە کە دادگا نێودەوڵەتییەکان چیدی بێدەنگ نەمێنن و رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر.
هەروەها، حەماس رایگەیاندووە کە بەکارهێنانی زاراوەی "کۆنترۆڵ" لەلایەن ئیسرائیلەوە لەبری "داگیرکاری"، هەوڵێکی "ئاشکرایە بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتیی یاسایی" بەرامبەر بەو تاوانانەی ئەنجامی دەدات.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 8-8-2025، کابینەی ئەمنیی ئیسرائیل پێشنیازەکەی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی کەرتی غەززە پەسند کرد. سەرۆکوەزیران رایدەگەینێت، لەدوای کۆنترۆڵکردنی کەرتەکە، ئیدارەدانی غەززە دەدرێتە هێزێکی عەرەبی.
دوێنێ پێنجشەممە، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە بەیاننامەیەکدا پەسندکردنی پلانەکەی غەززەی راگەیاند. نەتەنیاهوو چەند کاژێرێک پێش کۆبوونەوەی کابینەی ئەمنی بە کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی راگەیاند، مەبەستی ئیسرائیل کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی کەرتی غەززەیە.
کۆبوونەوەکە 10 کاژێری خایاندووە و بەرپرسانی ئیسرائیل رایانگەیاندووە، ئێستا کۆنترۆڵی 75٪ـی کەرتەکەیان کردووە، بەڵام سوپای ئیسرائیل تاڕادەیەک خۆی لە چوونە نێو ئەو 25٪ـی دیکە بەدوورگرتووە، کە زۆربەی خەڵکی سڤیل و کەمپی ئاوارەکان دەگرێتەوە و لەنێویشیان شاری غەززە لە نێوەڕاستی کەرتەکە لەخۆدەگرێت.
سوپای ئیسرائیل پێیوایە زۆربەی بارمتەکانی ماون لەو ناوچانە دەستبەسەرن و ترسی ئەوەیان هەیە لەوەی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆن بۆ سەر ئەو ناوچانە بکات و حەماسیش لە بەرامبەردا ئەو بارمتانە بکوژێت.
ئەو 25٪ـی ماوەتەوە نزیکەی 800 هەزار فەلەستینی تێدا دەژی و زۆربەیان پێشتر چەندین جار ئاوارە بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ