رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، حکومەتەکەی فرۆشتنی ئەو چەک و کەرەستە سەربازییانە بۆ ئیسرائیل رادەگرن، کە رەنگە لە کەرتی غەززەدا بەکاربهێندرێن، ئەمەش وەکو کاردانەوەیەک بەرامبەر بە پلانی سوپای ئیسرائیل بۆ دەستبەسەرداگرتنی تەواوی کەرتی غەززە.
رۆژی هەینی 8ی ئابی 2025 فریدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، "تێگەیشتن لەو پلانە سەربازیەی ئیسرائیل رۆژ بە رۆژ قورستر دەبێت، کە چۆن یارمەتیدەر دەبێت لە گەیشتن بە ئامانجە رەواکانی چەکداماڵینی حەماس و ئازادکردنی بارمتەکان."
هەروەها مێرتس لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بەو بڕیارە دەڵێت، "لەم دۆخەدا، حکومەتی ئەڵمانیا مۆڵەتی هیچ فرۆشتن و هەناردەکردنی کەرەستەی سەربازی نادات، کە رەنگە لە کەرتی غەززەدا بەکاربهێندرێت."
ئەم بڕیارە گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە هەڵوێست و سیاسەتی حکومەتی ئەڵمانی، کە بە درێژایی جەنگی غەززە یەکێک بووە لە سەرسەختترین هاوپەیمانەکانی ئیسرائیل.
راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، "بەهۆی ئەو ئۆپەراسیۆنە چاوەڕوانکراوەوە، حکومەتی ئیسرائیل بەرپرسیارێتییەکی گەورەتری دەکەوێتە ئەستۆ بۆ گەیاندنی هاوکاری بە خەڵکی سڤیلی."
مێرتس داواشی کرد، کارئاسانی بۆ رێکخراوە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە ناحکومییەکانی دیکە بکرێت، تاوەکو بتوانن هاوکاریی مرۆیی زیاتر بگەیێننە نێو غەززە.
لە درێژەی قسەکانیدا راوێژکاری ئەڵمانیا گوتی، "حکومەتی ئەڵمانیا داوا لە حکومەتی ئیسرائیل دەکات، هیچ هەنگاوێکی دیکە نەنێت بۆ لکاندنی کەناری رۆژئاوا."
ئەم بڕیارەی حکومەتی ئەڵمانیا لەدوای بڕیارەکەی رۆژی چوارشەممەی کابینەی ئەمنیی ئیسرائیل دێت، کە پلانی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی پەسند کرد بۆ دەستبەسەرداگرتنی تەواوی کەرتی غەززە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ