نەتەنیاهوو: لوبنان وەکو غەززە رووبەڕووی وێرانکاری دەبێتەوە

08-10-2024
رێبەر حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداری دەداتە خەڵکی لوبنان و دەڵێت، ئەگەر لوبنانییەکان، حیزبوڵڵا لە وڵاتەکەیان وەدەر نەنێن، وەکو فەلەستینییەکانی غەززە رووبەڕووی " ئازار و وێرانکاری" دەبنەوە. نەتەوە یەکگرتووەکانیش هەمان هۆشداری دەدات.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی 2024، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پەیامێکی ڤیدیۆیی ئاراستەی خەڵکی لوبنان کرد و گوتی، "ئێوە هەلێکتان هەیە بۆ ئەوەی لوبنان بپارێزن، بەرلەوەی بکەوێتە قووڵایی جەنگێکی دوور و درێژ، کە بەرەو وێرانکاری و ئازارچەشتنتان دەبات، وەک ئەوەی لە غەززە دەیبینین." 
 
نەتەنیاهوو بە خەڵکی لوبنانی گوت، بۆ ئەوەی ئەو جەنگە کۆتایی بێت، دەبێت حیزبوڵڵا لە وڵاتەکەیان دەربکەن.
 
ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر هێرشی حیزبوڵڵا بۆ سەر باکووری ئیسرائیل تێدەپەڕێت. لە 23ـی ئەیلوولەوە هێرشەکانی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا بۆسەر یەکدی چڕتر بوونەتەوە.
 
رۆژی 1ـی تشرینی یەکەم، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی زەوینییان بۆ نێو سنووری لوبنان دەستپێکردووە. ئەمڕۆ سوپای وڵاتەکە چڕکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکەی راگەیاند و گوتی، چوارەم یەکەی سوپاکەیان لەنێو لوبنان جێگیرکردووە. 
 
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستی لوبنان بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە زیاتر لە 2 هەزار کەس کوژراون  لەنێویاندا 261 ژن و 127 منداڵ بوون. هەروەهازیاتر لە 1.2 ملیۆن لوبنانی ئاوارە بوون.
 
لە حوزەیرانی ئەم ساڵەوە، سوپای ئیسرائیل کوشتنی زیاتر لە 20 بەرپرسی باڵای حیزبوڵڵای لوبنانی راگەیاندووە. دیارترینیان حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەکە و هاشم سەفیەدینی شوێنگرەوەی. ئەمە جگە لە کوژرانی زیاتر لە 250 چەکدار لە 1ـی ئەم مانگەوە. سەرکردەکانی گرووپە لوبنانیەکەش دەڵێن، توانای درێژەپێدانی جەنگیان دژی ئیسرائیلیان هەیە. 
 
لە هێرشەکانیدا، سوپای ئیسرائیل بێ زیان نەبووە و لە 1ـی ئەم مانگەوە 9 سەربازی کوژراون. نەتەوە یەکگرتووەکانیش هۆشداری لە بەردەوامی جەنگی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا دەدات. 
 
ماتیۆ هۆلنگرۆوس، بەرێوبەری پرۆگرامی خۆراکی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان گوتی: "پێش ئەوەی بێمە لوبنان، شەش مانگم وەکو بەڕێوبەری کاتی پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی لە غەززە بەسەربرد. ئەگەری هەیە هەمان چارەنووسی خراپی ئەوێ ببینین. پێویستە هەموو کارێک بۆ رێگریکردن لە روودانی ئەوە لەم قەیرانەدا بکەین." 
 
بە گوێرەی تەندروستی لوبنان، لە 8ـی تشرینی یەکەمی رابردووەوە بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە زیاتر لە دوو هەزار کەس لە وڵاتە کوژراون و ملیۆنێک و 200 هەزاریش ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرزبوونەوەی دووکەڵ ریازی پایتەختی سعودیە دوای بەئامانجگیرانی ناوچەیەکی. وێنە: REUTERS

وردەکاریی هێرشەکانی 24 کاژێری رابردووی ئێران بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە

لەگەڵ پێنانە ناو دووەم هەفتەی جەنگی فراوانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران کە لە 28ی شوباتی رابردووەوە دەستیپێکردووە، رۆژی شەممە 7ی ئاداری 2026 تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە شەپۆلێکی گەورە و فراوانی هێرشی مووشەکی و درۆنی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران و ئەو گرووپانەی خۆیان بە "موقاوەمەی ئیسلامی" دەناسێنن، کرایە سەر هەرێمی کوردستان، وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل. هێرشەکان قوربانیی سڤیل و سەربازییان لە هەولێر، سلێمانی، کوێت و ئیمارات لێکەوتووەتەوە