رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی قەتەر دەڵێ، حکومەتی وڵاتەکەی مافی رەوای خۆیەتی وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیل بداتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ناوچەکە لە قۆناخێکی چارەنووسساز دایە.
رۆژی سێشەممە، 9-9-2025 شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئەلسانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "قەتەر مافی ئەوەی هەیە وەڵامی ئەم هێرشە ئاشکرایە بداتەوە".
سەرۆکوەزیرانی قەتەر گوتیشی: "باوەڕمان وایە کە ئەمڕۆ گەیشتووینەتە قۆناخێکی چارەنووسساز. پێویستە وەڵامدانەوەیەک لە هەموو ناوچەکەوە بۆ ئەو کارە وەحشیگەرانە هەبن".
شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئاماژەی بە هەوڵەکانی حکومەتی وڵاتەکەیش کرد بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە و گەڕانەوەی ئارامی و ئاسایش بۆ ناوچەکە.
سەرۆکوەزیرانی قەتەر لەو بارەیەوە گوتی: "هیچ شتێک ئێمە لە رێگەی نێوەندگیری لە ناوچەکەدا دوورناخاتەوە".
سەرۆکوەزیرانی قەتەر "رەخنەی تووند"ـی لە ئیسرائیل گرت لە بەرامبەر هێرشەکەیدا و بە "تیرۆریزمی دەوڵەت" ناوی برد و گوتی، بنیامین نەتەنیاهوو ناوچەکە بەرەو بێسەروبەری و گێژاو دەبات.
شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان گوتیشی، هێرشەکەی ئیسرائیل لە کاتێکدا روویدا کە تیمی دانوستاندنی حەماس خەریکی تاوتوێکردنی پێشنیازی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تایبەت بە ئاگربەستی غەززە بوو.
سەرۆکوەزیرانی قەتەر ئەو پرسیارەی کرد کە ئایا دوای هێرشەکە دەرفەتی دیپلۆماسی ماوە؟ خۆی لە وەڵامدا گوتی، دەرفەتەکە کەم بووەتەوە.
لەبارەی ئاگادارکردنەوەی قەتەرییەکانیش لە لایەن ئەمریکاوە، شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان رایگەیاند، 10 خولەک دوای هێرشەکە ئاگادار کراونەتەوە؛ گوتیشی، سوپای وڵاتەکەی نەیتوانیوە شکستی پێ بهێنێت، چونکە لە لایەن راداراوە پێی نەزانراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ