هەڵوێستی قەتەر لەبارەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە

09-09-2025
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر "بە تووندی" سەرکۆنەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە دەکات و دەڵێت، "ئەم دەستدرێژییە دووژمنکارانەیە" پێشێلکاریی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکانە و هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی هاووڵاتییانی قەتەر و ئەوانەی لەو وڵاتە دەژین.
 
قەتەر دەڵێت، "هێرشێکی ترسنۆکانە" کراوەتە سەر شوێنی مانەوەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس. 
 
وەزارەتەکە دووپاتی دەکاتەوە "دەزگا ئەمنییەکان و بەرگریی شارستانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستبەجێ دەستیان بە مامەڵەکردن لەگەڵ رووداوەکە کردووە و رێوشوێنی پێویستیان گرتووەتەبەر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کاریگەرییەکانی و دڵنیابوون لە سەلامەتیی دانیشتووان و ناوچەکانی دەوروبەر".
 
ئاماژە بەوەش دەکات، قەتەر لەسەر ئەم هەڵسوکەوتەی ئیسرائیل بۆ بەئامانجگرتنی سەروەرییەکەی، سازش ناکات.
 
سوپاسی ئیسرائیل لەبارەی هێرشەکە دەڵێت، سەرکردایەتیی باڵای بزووتنەوەی حەماسیان کردووەتە ئامانج کە سەرکردایەتیی ئۆپەراسیۆنەکانیان کردووە و راستەوخۆ بەرپرسن لە هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەر، هەروەها جەنگیان دژی ئیسرائیل رێکخستووە و بەڕێوەبردووە.
 
باس لەوەش دەکات، "پێش هێرشەکە، رێوشوێنی پێویست گیرابوون بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان بە هاووڵاتییانی سڤیل، لەوانەش بەکارهێنانی تەقەمەنی ورد و زانیاریی هەواڵگریی زیاتر".
 
ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حەماس کە لە دەرەوە دەژین، بریتین لە محەممەد دەروێش، سەرۆکی ئەنجوومەنی شوورا، خەلیل حەییە، سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری حەماس، زاهیر جەبارین، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرۆکی نووسینگەی شەهیدان، برینداران و زیندانییەکان کە هاوکات بەرپرسی بواری دارایی بزووتنەوەکەیە. نزار عەوزەڵڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و خالید مەشعەل، کەسایەتیی دیاری بزووتنەوەکە کە زۆرجار وەک کەسی یەکەمی حەماس لە دەرەوە دادەنرێ.
 
چەند سەرچاوەیەکی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، خەلیل حەییە و زاهیر جەبارین و خالید مەشعەل لە بۆردوومانەکەدا کراونەتە ئامانج. 
 
هێشتا بزووتنەوەی حەماس روونکردنەوەی لەسەر هێرشەکە نەداوە.

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە