بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە، ترەمپ هانا بۆ زاواکەی دەبات

09-09-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جەنگی غەززە لە دوو ساڵ نزیک دەبێتەوە و ئێستاش سەرۆکی ئەمریکا سەرقاڵی پلانێکی نوێیە بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە و ئەم جارەیان، دۆناڵد ترەمپ پەنای بۆ جارید کوشنەر، زاوا و هاوژینی ئیڤانکای کچە گەورەی دەبات ئەو قەیرانە مرۆییە چارەسەر بکات، پلانێکیش دابڕژێت بۆ کەرتی غەززەی دوای جەنگ، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمریکا و ئیسرائیل لەسەر رێککەوتنێکی نوێ نزیکبوونەتەوە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جارید کوشنەری زاوای خۆی راسپاردووە تاوەکو پلانێکی گشتگیر بۆ غەززەی دوای جەنگ دابڕێژێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە چڕتر بوونەتەوە و میدیای ئیسرائیل وردەکاریی رێککەوتنێکی نوێی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکانی بڵاوکردووەتەوە.
 
کوشنەر، کە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا وەک راوێژکارێکی باڵا رۆڵێکی سەرەکیی هەبوو لە رێککەوتننامەی ئیبراهیمی، ئێستاش ترەمپی خەزووری دەیەوێت جارێکی دیکە کوشنەر وەکو کەسایەتییەکی کاریگەر رۆڵی هەبێت لە داڕشتنی پلانەکانی ئەمریکا بۆ داهاتووی کەرتی غەززە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کوشنەر ئێستا هیچ پۆستێکی فەرمیی لە کۆشکی سپیدا نییە.
 
بەگوێرەی میدیاکانی ئەمریکا، کوشنەر شانبەشانی تۆنی بلێر، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا، کار لەسەر پلانە نوێیەکەی ئیدارەی ترەمپ بۆ داهاتووی غەززە دەکات.
 
"کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە لە مەیامی"
 
شەوی دووشەممە بەکاتی ئەمریکا رۆن دێرمەر، وەزیری کاروباری ستراتیژیی ئیسرائیل، لە شاری مەیامی لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا و جارید کوشنەر کۆبووەوە. ماڵپەڕی ئاکسیۆسی ئەمریکی ئاماژەی بەوە کردووە، کۆبوونەوەکە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێشنیازێکی نوێی ئاگربەست و پلانی "دوای جەنگ"ی ئەمریکا بووە. بەرپرسێکی ئەمریکی بەو ماڵپەڕەی راگەیاندووە، "ئەمریکا گوێ لە بۆچوونەکانی ئیسرائیل دەگرێت، بەڵام پلانەکە ئەمریکییە و ئیسرائیلی نابێت."
 
"وردەکاریی پلانی نوێی ئەمریکا"
 
میدیای ئیسرائیلی وردەکاریی نوێی لەبارەی پلانە نوێیەکەی ئەمریکا بۆ رێککەوتنێکی گشتگیر لەبارەی ئازادکردنی بارمتەکان و ئاگربەست لە غەززە بڵاوکردووەتەوە. بەپێی زانیارییەکان، پێشنیازەکە بریتییە لە:
 
ئازادکردنی بارمتەکان: پێویستە هەموو بارمتە زیندووەکان لە 48 کاژێری یەکەمدا ئازاد بکرێن. تەرمی بارمتە کوژراوەکانیش لە کاتی ئاگربەستدا رادەستی ئیسرائیل دەکرێنەوە، بەڵام وردەکاریی ئەو پرۆسەیە لە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکان لە نێوان حەماس و ئیسرائیلدا دیاری دەکرێت. حەماس دەڵێت پێویستی بە کات هەیە بۆ دۆزینەوەی هەموو تەرمەکان.
 
ماوەی ئاگربەست: ئاگربەستەکە بۆ ماوەی 60 رۆژ یان تا کۆتایی گفتوگۆکان بەردەوام دەبێت.
 
تەوەری گفتوگۆکان: گفتوگۆکان لەسەر چەکداماڵینی حەماس، پێکهێنانی حکومەتێک کە دوای حەماس حوکمی غەززە بکات و وردەکارییەکانی کشانەوەی قۆناخ بە قۆناخی سوپای ئیسرائیللە کەرتی غەززە دەبن.
 
کشانەوەی سوپای ئیسرائیل: سوپای ئیسرائیل لە کۆتاییدا بە تەواوی لە غەززە دەکشێتەوە، لەوانەش لە ناوچە سنوورییەکانی کەرتەکە، بەڵام خێرایی پرۆسەی کشانەوەکە پەیوەست دەبێت بە توانای حکومەتی نوێی غەززە بۆ دابینکردنی ئاسایش لەو ناوچانەی ئیسرائیل دەکشێتەوە.
 
"هەڵوێستی لایەنەکان"
 
لەبارەی پلانە نوێیەکەی ئەمریکا بۆ کەرتی غەززە، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەکەی دەیەوێت "بە پشتبەستن بە پێشنیازەکەی سەرۆک ترەمپ و بەپێی ئەو بنەمایانەی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی ئاسایشی ئیسرائیلەوە دیاریکراون، کۆتایی بە جەنگی غەززە بهێنێت."
 
ئەمەش یەکەم جارە بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە ئاشکرا پلانەکەی کۆشکی سپی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە قبووڵ دەکات. سەرچاوە ئیسرائیلییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، مەرجی کشانەوەی سوپای ئیسرائیل، کە بە توانای حکومەتی نوێی غەززە بۆ پاراستنی ناوچە سنوورییەکان بەستراوەتەوە، جێی رەزامەندیی ئیسرائیلە.
 
هەرچی بزووتنەوەی حەماسە، لەسەر پێشنیازە نوێیەکەی ئەمریکای بوونەتە دوو بەرە. هەندێک لە سەرکردەکانی ئەو بزووتنەوەیە هەست دەکەن گەرەنتییەکانی ترەمپ جێی متمانە نین و مەرجی کشانەوەی سوپای ئیسرائیل بە "تەڵە" دەبینن.
 
"دۆناڵد ترەمپ و رۆڵی نوێی کوشنەر"
 
رۆژی یەکشەممە ترەمپ رایگەیاند، ئیسرائیل مەرجەکانی ئەوی بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و کۆتاییهێنان بە جەنگەکە قبووڵ کردووە. هەرچەندە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هێشتا کۆبوونەوەی کابینەکەی بەڕێوەنەبردووە، تاوەکو دوا بڕیار لەسەر پلانە نوێیەکەی ترەمپ بدەن.
 
هەرچەندە، لایەنە راستڕۆکانی نێو کابینەی ئیسرائیل ناڕەزایەتیان بەرامبەر بە پلانەکەی ئەمریکا دەربڕیووە بەتایبەتی ئەو خاڵەی پەیوەستە بە کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە. 
 
جارید کوشنەر و تۆنی بلێر پێش دوو هەفتە لەگەڵ ترەمپ، ویتکۆف و بەرپرسانی باڵای دیکە ئیدارەی ئەمریکا کۆبوونەوە بۆ پێشکێشکردنی بیرۆکەکانیان بۆ داهاتووی غەززەی دوای جەنگ خستووەتەڕوو. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن ترەمپ لەسەر بیرۆکە سەرەتاییەکانی کوشنەر رازی بووە و داواشی لێکردووە پلانێکی وردی دوای جەنگ دابڕێژێت. ئەمەش رۆڵی کوشنەر لە سیاسەتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا کاریگەر دەکاتەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە