رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رووی قسەکانی لە مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع دەکات و جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئادار بە کردنەوەی "گرێکوێرەیەکی گەورە" ناودەبات.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەیەکی ئاکپارتی دا لە ئەنقەرە گوتارێکی پێشکێشکرد و لە بەشێکیدا باسی دۆخی نوێی سووریای کرد.
ئەردۆغان لەبارەی ئەو رێککەوتنەی رۆژی 10-3-2025 لە نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا واژۆکرا، گوتی:"ئەوانەی واژۆیان لەژێر بەندەکانی رێککەوتنی 10ـی ئادار هەیە، ئەگەر لەسەر بنەمای وەفا بۆ بەڵێن، رێککەوتنەکە جێبەجێ بکەن، ئەوە گرێیەکی گەورە دەبێتەوە. پێویستە رێککەوتننامەکە بە ئارامی جێبەجێ بکرێ. ئەمە پیلانی ئەوانەش لەناودەبات کە وەبەرهێنان لەسەر سووریایەکی ناسەقامگیر، دابەشکراو و لاواز دەکەن".
ئەوکاتەی خەڵک لە سووریا و رۆژئاوای کوردستانەوە بەهۆی شەڕی نێوخۆی وڵاتەکەیان روویان دەکردە تورکیا، حکومەتی ئەنقەرە پێشوازیی لێ کردن و داڵدەی نزیکەی 4 ملیۆن کەسیان دا.
ئەوکات پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دژایەتیی سیاسەتی حکومەتی دەکرد و بەرپرسانی جەهەپە دەیانگوت:"دۆخی سووریا بە ئێمە چی؟"
ئەردۆغان ئەمەی بەبیرهێنایەوە و جەهەپەی بە پاڵپشتیکردنی بەشار ئەسەد و رژێمی پێشووی سووریا تۆمەتبارکرد.
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی:"ئێستا ئێوەش دەبینن، سووریایەکی نوێ دادەمەزرێ. لە شەقامەکانی شام، حەلەب، حەما و حومس دا ئەو گەنجانەی لە تورکیا لەدایکبوون و ژیاون، بە تورکییەکی زۆر باش قسە دەکەن. ئەو برایانەمان کە دوای حەسرەتێکی 13 ساڵی گەڕاونەتەوە ماڵەوە، نزامان بۆ دەکەن".
ئەردۆغان هەروەها گوتی: "دەبێت لە سووریا یەکپارچەیی خاک هەبێت. لە سووریا سەردەمە هەرە سەختەکە تێپەڕی. لە سەردەمی نوێشدا ئێمە براکانمان بە تەنیا جێناهێڵین. جارێکی دیکە گەڕانەوە بۆ رۆژە خراپەکانی رابردوو روونادات. ئێمە پێکەوە سووریا دەخەینەوە سەر پێ، پێکەوە ئاوەدانی دەکەینەوە و بونیاتی دەنێینەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ