رووداو دیجیتاڵ
پێکهاتەکانی سووریا لە پەرلەمانی ئەورووپا کۆبوونەوە و باسیان لە مەترسییەکانی سەر داهاتووی وڵاتەکەیان کرد. نوێنەری عەلەوییەکان داوای راگرتنی کوشتار دەکات و نوێنەری دروزەکانیش دەڵێت، ئارامی بەدی نایەت ئەگەر هەمووان بەشدارییان پێ نەکرێت.
لە پەرلەمانی ئەورووپا، کۆنفرانسێک لەژێر ناونیشانی "سووریایەک بۆ هەموو خەڵکەکەی، ئایا ئەمە دەکرێت؟" بەڕێوەچوو. کۆنفرانسەکە لەلایەن گرووپی دۆستانی کورد و چەند پەرلەمانتارێکەوە رێکخرابوو و تێیدا نوێنەری کورد، عەلەوی، دروز و عەرەبی سوننە بەشداربوون.
لیۆلوکا ئۆرلاندۆ، ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا بە رووداوی گوت: "ئەمە هەواڵێکی زۆر ئەرێنییە؛ پەرلەمانی ئەورووپا پێشنیازەکەی ئێمەی قبووڵ کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی سووریا. ئەمە ساتێکی گرنگە بۆ ئەوەی بە یەكێتیی ئەورووپا بڵێین بەئاگا وەرنەوە و بێدەنگ مەبن. دەبێت پشتیوانیی سووریا بکەن، بەڵام بە مەرجی رێزگرتن لە سەروەریی یاسا، مافی مرۆڤ و دیموکراسی."
لە کۆنفرانسەکەدا نوێنەرانی پێکهاتەکان باسیان لەو ستەم و کۆمەڵکوژییانە کرد کە رووبەڕوویان بووەتەوە و داوای دڵنیاییان لە یەکێتیی ئەورووپا کرد. نوێنەری کورد دەڵێت، "پێویستە مافی کورد پارێزراو بێت و دان بە رۆژئاوای کوردستاندا بنرێت"
رەنا عومران، نوێنەری عەلەوییەکان گوتی: "داوا لە پەرلەمانی ئەورووپا دەکەین هەموو هەوڵێک بدەن بۆ ئەوەی کوشتارەکان رابگرن و کەمایەتییەکانی سووریا بپارێزن. پێویستە عەلەوییەکان وەک هاووڵاتیی پلە یەک مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، نەک وەک هاووڵاتیی پلە 10 وەک ئەوەی ئێستا دەکرێت."
هەروەها روەیدە حەلبووش، نوێنەری دروزەکان هۆشداری دا لەوەی "هەرگیز ئارامی و سەقامگیری لە سووریا نایەتەدی ئەگەر هەموو پێکهاتەکان بەشداریی کارایان پێ نەکرێت."
نوێنەری دروزەکان گوتیشی: "نابێت دەسەڵات بەدەستی ئەوانە بێت کە هێزیان هەیە، بەڵکو دەبێت بە هەڵبژاردن و دیموکراسی بێت و حکومەتێکی فراوان پێکبێت کە هەمووان لە باوەش بگرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ