پێنج سیناریۆ بۆ داهاتووی ململانێکان؛ ترەمپ چۆن کۆتایی بە جەنگی دژی ئێران دەهێنێت؟

10-03-2026
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لەو کاتەوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و ئیسرائیل ئاستی گرژییەکانیان بەرامبەر بە تاران گەیاندووەتە قۆناخی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی، جیهان چاوەڕوانی ئەوە دەکات بزانێت ئەم "جەنگە گەورەیە" کەی و چۆن کۆتایی دێت.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە گەشبینییەوە باس لەوە دەکات، کە ململانێکان "زۆر زوو" کۆتاییان دێت، بەڵام شیکەرەوە سیاسییەکان و شارەزایانی ستراتیژی لە واشنتن و لەندەن ئاماژە بە کۆمەڵێک سیناریۆی ئاڵۆز دەکەن، کە رەنگە جەنگەکە بەرەو ئاراستەیەکی پێشبینینەکراو بەرن.
 
ئەندرێو ئینگڵاند و ئەبیگێڵ هاوسلۆنەر، لە راپۆرتێکی شیکاری دا تیشک دەخەنە سەر پێنج سیناریۆی سەرەکی بۆ چۆنیەتی بەرەوپێشچوونی ئەم جەنگە و ئەو ئاستەنگانەی لەبەردەم ئامانجە راگەیێندراوەکانی ترەمپ دان.
 
1- بانگەشەی سەرکەوتن بەبێ رێککەوتن
 
یەکێک لە بەهێزترین ئەگەرەکان ئەوەیە کە ترەمپ، بەبێ گوێدانە ئەوەی ئامانجە سەربازییەکانی بەتەواوی پێکاون یان نا، بانگەشەی سەرکەوتن بکات. ترەمپ کە لەژێر گوشاری بەرزبوونەوەی نرخی وزە و تێچووی جەنگدایە، رەنگە بییەوێت بە خێرایی دۆسێیەکە دابخات. 
 
مایکڵ دۆران، توێژەری باڵا لە پەیمانگای هادسۆن، پێی وایە ئێران ستراتیژییەکی یەکگرتووی هەیە بۆ بەرزکردنەوەی تێچووی جەنگەکە لە رێگەی لێدانی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا، ئەمەش وای کردووە ترەمپ لەژێر گوشارێکی ناوخۆیی راستەقینەدا بێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە. لەم سیناریۆیەدا، ترەمپ دەتوانێت بڵێت "ئێرانمان لاواز کردووە" و ئۆپەراسیۆنەکە رابگرێت.
 
2- سیناریۆی 'ڤەنزوێلا' و گۆڕینی سەرکردایەتی
 
ترەمپ ئاماژەی بە مۆدێلی ڤەنزوێلا کردووە وەک نموونەیەک بۆ گۆڕینی سەرکردایەتی لە ئێران، بەڵام جیاوازییەکە لێرەدا زۆرە؛ لە کاراکاس ئۆپەراسیۆنەکە کورتخایەن بوو، بەڵام لە ئێران جەنگ پێی ناوەتە هەفتەی دووەم و زیانی گیانی ئەمریکی لێکەوتووەتەوە. جگە لەوەش، تاران بە دیاریکردنی موجتەبا خامنەیی وەک جێگرەوەی باوکی، پەیامێکی تووندی بۆ واشنتن ناردووە، کە رژێمەکە ئامادەی خۆبەدەستەوەدان نییە. عەلی واعیز، شارەزای دامەزراوەی (Crisis Group) دەڵێت: "ئێرانییەکان پێیان باشترە وەک مادورۆ بن، نەک وەک ئەو سەرکردانەی واشنتن دەیانەوێت."
 
3- چەقبەستوویی دیپلۆماسی و رەتکردنەوەی رێککەوتن
 
ئایا ئێران رێککەوتن دەکات؟ وەڵامی زۆربەی شیکەرەوان "نەخێر"ـە، لانی کەم لەژێر بۆردوومانی ئێستادا. مەرجەکانی ترەمپ (هەڵوەشاندنەوەی ئەتۆمی، موشەکی و بڕینی دەستی میلیشیاکان) بۆ تاران وەک "خۆکوشتن" وایە. بۆ کۆماری ئیسلامی، تەنیا مانەوە لە ژیان و بەردەوامبوون لە وەڵامدانەوە، وەک سەرکەوتنێکی گەورە لە قەڵەم دەدرێت. بۆیە ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ لە کاتێکدا جەنگ بەردەوامە، زۆر لاواز دەبینرێت.
 
4- سیناریۆی 'عێراقی سەردەمی سەدام' یان جەنگی ناوخۆ
 
ئیمێل هۆکایم، لە پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوە ستراتیژییەکان، پێشبینی دەکات جەنگەکە بەوە کۆتایی بێت، کە ئێران ببێتە دەوڵەتێکی زۆر لاواز و گۆشەگیر، هاوشێوەی عێراقی دوای جەنگی ساڵی 1991. لەم سیناریۆیەدا، رژێم نامێنێت بەو هێزە هەرێمییەی جاران، بەڵام هێشتا وەک سەرچاوەی پشێوی دەمێنێتەوە. ئەگەرێکی مەترسیدارتریش هەیە، ئەویش هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆ و دابەشبوونی وڵاتەکەیە بەسەر میلیشیا جیاوازەکاندا، کە ئەمەش ناوچەکە دەخاتە ناو ناسەقامگیرییەکی درێژخایەنەوە.
 
5- بەرەی لوبنان؛ جەنگێکی جیاواز
 
تەنانەت ئەگەر ترەمپ و ئێران بگەینە جۆرێک لە ئاگربەست، مەرج نییە ئیسرائیل جەنگ دژی حیزبوڵڵا لە لوبنان رابگرێت. بەرپرسانی ئیسرائیلی ئەمە بە دەرفەتێک دەزانن بۆ تێکشکاندنی یەکجاریی حیزبوڵڵا. ئێستا زیاتر لە 600 پێگە لە لوبنان بۆردوومان کراون و زیاتر لە 480 کەس کوژراون. ئیمێل هۆکایم دەڵێت، ئیسرائیل دەیەوێت کۆنترۆڵی باشووری لوبنان بکات و سیستمی سیاسی ئەو وڵاتە بگۆڕێت، ئەمەش وا دەکات لوبنان ببێتە گۆڕەپانی ململانێیەکی درێژخایەن، کە تەنانەت دوای جەنگی ئێرانیش بەردەوام بێت.
 
ناڕوونی لە ئامانجەکانی واشنتن و پێداگری تاران لەسەر مانەوە، جەنگەکەی خستووەتە قۆناغێکی مەترسیدار. ترەمپ دەتوانێت "زوو" جەنگەکە بوەستێنێت، ئەگەر تەنیا بە بانگەشەی میدیایی سەرکەوتن رازی بێت، بەڵام گۆڕینی بنەڕەتیی رەفتاری ئێران یان رووخانی رژێمەکە، پرۆسەیەکی تێچوودار و درێژخایەنە کە رەنگە خشتە کاتییەکەی ترەمپ تێپەڕێنێت. ئێستا هەموو لایەک لە جەنگێکی داتاشیندان و چاوەڕێی ئەوەن کێ یەکەمجار پشوو دەدات.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە