رووداو دیجیتاڵ
دوای پچڕانی پرۆسەکە بۆ 18 ساڵ، میسر جارێکی دیکە هەناردەکردنی ئەسپی رەسەنی عەرەبی بۆ عێراق دەستپێکردەوە. یەکەم کاروانی ئەسپەکانیش گەیشتە عێراق.
سەعید شەرباش، سەرۆکی کۆمەڵەی گشتیی هەرەوەزی بۆ گەشەپێدان و پەروەردەکردنی ئەسپی سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵی میسر، رۆژی یەکشەممە 10ـی ئایاری 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ وەرچەرخانێکی گرنگ لە کەرتی ئەسپدا روویدا و دوای 18 ساڵ، یەکەم کاروانی ئەسپمان رەوانەی عێراق کردەوە. کاروانەکە حەوت ئەسپی رەسەنی عەرەبی لەخۆگرتبوو کە لە رێگەی وشکانییەوە و بە خاکی ئوردندا گوازراونەتەوە."
سەبارەت بە رێکارەکان، سەعید شەرباش گوتی: "ئەسپەکان بەپێی رێکارە ڤێتێرنەری و بازرگانییە جیهانییەکان گواستراونەتەوە، بازاڕی عێراق بۆ ئێمە زۆر گرنگە، چونکە بەخێوکەرانی عێراق خولیایەکی زۆریان بۆ ئەسپی رەسەن هەیە و ئەسپی میسریش بەهۆی پاکی جینی و جوانییەکەیەوە، ناوبانگێکی جیهانی هەیە."
پڕۆسەی هەناردەکردنی ئەسپ لە میسرەوە بۆ وڵاتانی عەرەبی، لە چوارچێوەی رێککەوتنامەی ئاسانکاریی بازرگانیی نێوان وڵاتانی عەرەبی دەکرێت، سەرۆکی کۆمەڵەکە دەڵێت: "ئەم ئەسپانە بڕوانامەی رەچەڵەکیان لەلایەن کۆمکاری عەرەبییەوە بۆ دەرکراوە، ئەمەش وای کردووە لە باجی گومرگی ببەخشرێن و کێبڕکێی بەهێز لە بازاڕەکاندا بکەن."
جەزائیر سەهلانی، سەرۆکی یەکێتی سوارچاکانی عێراق، بە رووداوی راگەیاند : "پێشتر رێکارەکانی هاوردەکردنی ئەسپ بۆ عێراق زۆر ئاڵۆز بوو، دەبوو لە رێگەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقەوە هەر یانەیەکی سوارچاکی داواکاری لای ئێمە پێشكێش بکردایە دواتر ئێمە دەمانناردە وەزارەت، ئەوانیش بەپێی داواکردنەکە هاوئاهەنگی دەکەن لەگەڵ ئەو وڵاتەی ئەسپەکەی لێبووو، ئێستا رێکارەکان ئاسان بووە و تەنیا لە رێگەی یەکێتیەکەمان داواکاری پێشکێش دەکرێت و دوای ماوەیەک دەگاتە دەستمان."
بە گوتەی سەهلانی جگە لە میسر، لە وڵاتانی کەنداو، و ئەنگلتەرا ئەسپ هاورد دەکرێت.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی میسر، جموجۆڵی هەناردەکردنی ئەسپی میسری لە مانگی نیساندا دوو کاروان 23 ئەسپ بۆ ئوردن، کاروان سێیەم بۆ عێراق 7 ئەسپ بووە لە رێگەی ئوردنەوە گوازراوەتەوە، هەفتەی رابردوو 7 ئەسپی دیکە هەناردەی ئوردن کراوەتەوە.
سەعید شەرباش راشیگەیاند، بەرنامەیان هەیە لە هەفتەکانی داهاتوودا نزیکەی 100 ئەسپی دیکە رەوانە بکەن. دەشڵێت: "داواکارییەکی زۆر لەسەر ئەسپی میسری لە بازاڕەکانی عێراق، ئوردن و وڵاتانی کەنداو هەیە؛ ئەمەش دەرگا بۆ زیادکردنی داهاتی دراوی بیانی و گەڕاندنەوەی پێگەی میسر لە بازاڕی ئەسپی جیهانی دەکاتەوە."
یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی 2010، دەرگای هەناردەکردنی ئەسپی عەرەبی قەدەخە کرد بۆ وڵاتانی ئەوروپی پەیوەستی کردن بە جێبەجێکردنی رێکارە تەندروستییەکان.
ئەسپی رەسەنی عەرەبی لە رووی جوانیی شێوەی دەرەوە، لە بەرزترین ئاستی رەسەنایەتیدایە؛ بە جۆرێک جەستەی لووتکەی هاوسەنگی و رێکوپێکییە.
بەرزیی ئەسپی عەرەبی لە نێوان 150 بۆ 160 سانتیمەتردایە و تێکڕای بەرزییەکەی دەگاتە 155 سانتیمەتر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ