رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێ، جەنگی ئێران کۆتایی نەهاتووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دەبێت هەموو یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ئەو وڵاتە ببرێتە دەرەوە.
نەتەنیاهوو لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەرنامەی (60 خولەک)ـی کەناڵی (سی بی ئێس)ـی ئەمریکی و لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا جەنگ کۆتاییهاتووە یان نا، گوتی: "پێموایە کارێکی زۆر کراوە، بەڵام جەنگ تەواو نەبووە، چونکە هێشتا مادەی ئەتۆمی و یۆرانیۆمی پیتێندراو لەنێو ئێران ماوە کە دەبێت ببرێتە دەرەوە."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، چەندین بنکەی پیتاندنی یۆرانیۆم ماون کە دەبێت هەڵبووەشێندرێنەوە؛ هەروەها باسی لەوە کرد، هێشتا مووشەکی بالیستی لە ئێران ماوە، توانای دروستکردنی چەک لەو وڵاتەدا هەیە و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانیش لە ناوچەکەدا ماون. نەتەنیاهوو گوتی: "ئێمە زۆرێک لەو توانایانەمان لەنێوبردووە، بەڵام هەموو ئەوانەی باسمکردن ماون و کارمان زۆر ماوە."
سەبارەت بە چۆنییەتی چارەسەرکردنی دۆسیەی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکە، نەتەنیاهوو پشتیوانیی خۆی بۆ تێڕوانینەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا نیشاندا و گوتی: "دەچینە ناوەوە [نێو ئێران] و دەیبەینە دەرەوە. ئەوەی سەرۆک ترەمپ بە منی گوتووە ئەوەیە کە دەیەوێ بچێتە ناوەوە، منیش پێموایە دەکرێ ئەوە بکرێ."
کاتێک رۆژنامەڤانەکە پرسیاری لێکرد ئایا ئەمە لە رێگەی هێزە تایبەتەکانی ئیسرائیل یان ئەمریکاوە دەکرێ، نەتەنیاهوو نەیویست بچێتە نێو وردەکاریی پلانە سەربازییەکان، بەڵام گوتی، باشترین رێگە ئەوەیە رێککەوتن بکرێ و دواتر بچنە ناوەوە و مادە ئەتۆمییەکە ببەنە دەرەوە.
نەتەنیاهوو لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئەگەر رێککەوتن نەبێت، بە هێزی سەربازی ئەو کارە دەکەن؟ گوتی: "من لێرەدا وەڵامی ئەم پرسیارانە نادەمەوە و باس لە پلان و ئەگەرە سەربازییەکان ناکەم."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئامادە نەبوو هیچ کاتێک بۆ کۆتاییهێنان بەو ئەرکە دیاری بکات، بەڵام گوتی، "ئەمە ئەرکێکی زۆر گرنگە" و دەبێت بە ئەنجام بگات.
ئەم لێدوانەی نەتەنیاهوو لە کاتێکدایە، دانوستاندنەکانی نێوان تاران و واشنتن لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە بەردەوامن و باس لە ئەگەری واژۆکردنی لێکتێگەیشتنێک دەکرێ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، بەڵام مەرجەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ لەنێوبردنی تەواوەتیی توانای ئەتۆمیی ئێران وەک گرنگترین بەربەستەکانی بەردەم رێککەوتنەکە ماون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ