چۆن ئیسرائیل هێرشەکەی قەتەری کردە سوپرایز بۆ ترەمپ؟

10-09-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

پاشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە لەکاتێکدا مووشەکەکانی ئیسرائیل بەرەو قەتەر دەچوون، بەرپرسانی ئیسرائیل کۆشکی سپییان ئاگادارکردەوە هێرش دەکەنە سەر بەرپرسانی حەماس لە قەتەر، هەنگاوێک تووڕەیی و شۆکی لەنێو کۆشکی سپی دروستکرد.
 
ئیسرائیل هێرشێکی فراوانی ئاسمانی بۆ سەر شاری دەوحەی پایتەختی قەتەر کرد، ئیسرائیلییەکان دەڵێن، هێرشەکە ئامانجەکەی کۆبوونەوەی سەرکردە باڵاکانی حەماس بووە کە لەکاتی هێرشەکەدا، شاندی حەماس تاوتوێی پێشنیازە نوێیەکەی ئەمریکایان دەکرد بۆ ئاگربەست لە کەرتی غەززە.
 
هێرشەکەی ئیسرائیل بە ناوی "لووتکەی ئاگر" بوو. بە زیاتر لە 10 فڕۆکەی جەنگی و بەکارهێنانی مووشەکی وردبین و دوورمەودا، کرا. ئامانجەکەشیان باڵەخانەیەکی ناوچەی کەتارا بووە کە بەرپرسانی باڵای حەماسی تێدا نیشتەجێ بوون. 
 
بانگەشەی ئیسرائیل و وەڵامی حەماس
 
لەدوای هێرشەکە، ئیسرائیل رایگەیاند "گەشبینە" بە ئەنجامەکەی و سەرکەتوو بووە. بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هێرشەکەی بە هەنگاوێک وەسف کرد کە ئەگەری هەیە کۆتایی بە جەنگی غەززە بهێنێت.
 
لەلایەکی دیکەوە حەماس هێرشەکەی بە شکست زانی و جەختی کردەوە کە هیچ کام لە سەرکردە باڵاکانیان نەکوژراون. 
 
بەگوێرەی زانیاریی گرووپەکە، پێنج کەس لە هێرشەکەدا گیانیان لەدەستدا: هیمام حەیا، کوڕی خەلیل حەیا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس، جیهاد لەبەد ئەبو بیلالی، بەڕێوەبەری نووسینگەی خەلیل حەیا و سێ لە یاریدەدەرەکانیان. دواتر قەتەر رایگەیاند، یەکێک لە کارمەندانی ئاسایشی قەتەریش لەو هێرشەدا کوژراوە.
 
میدیای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، بەگوێرەی زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل پێشبینیکراوە لە کۆبوونەوەکەدا چەندین بەرپرسی باڵای حەماسی تێدا ئامادەبن، لەوانەش: خەلیل حەیا، زاهیر جەبارین، محەممەد دەروێش، نزار عەوادەڵڵا و خالید مەشعەل. بێجگە لە خەلیل حەیا، تاوەکو ئێستا حەماس هیچ زانیارییەکی لەبارەی چارەنووسی سەرکردەکانی دیکەی رانگەیاندووە.
 
پاساوی نەتەنیاهوو
 
نەتەنیاهوو بەرگری لە هێرشەکە کرد و رایگەیاند، وڵاتەکەی بەرپرسانی باڵای حەماسی کردووەتە ئامانج کە بەرپرسیار بوون لە هێرشەکانی 7ی تشرینی یەکەمی 2023 لە باشووری ئیسرائیل.
 
نەتەنیاهوو لەدوای هێرشەکە پەیامێکی بۆ غەززەییەکان هەبوو و رایگەیاند، "لەگەڵمان بە ئاشتی بژین و پێشنیازی سەرۆک ترەمپ قبوڵ بکەن". داوای لە غەززەییەکان کرد کە لە سەرکردایەتی حەماس جیاببنەوە.
 
کاردانەوەی ترەمپ و کۆشکی سپی 
 
هێرشەکە کاردانەوەی تووندی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە، بەتایبەتی لە واشنتن. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو "دڵخۆش نییە" بەو کردارەی ئیسرائیل و هۆشداری دا ئەو هەنگاوە ئەگەری هەیە دانوستاندنەکانی تایبەت بە کەرتی غەززە بخاتە مەترسییەوە.
 
پاشان لە لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی سۆشیاڵ تروس، ترەمپ روونیکردەوە، هێرشەکە تەنیا بڕیاری ئیسرائیل بووە و ئەمریکا زۆر درەنگ لە هێرشەکە ئاگادار کراوەتەوە، تاوەکو بتوانێت هیچ رۆڵێکی هەبێت لە راگرتنی. 
 
ترەمپ نووسی: بڕیاری هێرشەکەی سەر دەوحە لەلایەن نەتەنیاهووەوە بووە نەک من. 
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشدا، هەر لەدوای ئاگادارکردنەوەی، ستیڤ ویتکۆفی، نێردەی تایبەتی بۆ دانوستاندنەکانی غەززە راسپاردبوو بۆ ئاگادارکردنەوەی بەرپرسانی قەتەری، بەڵام لە کاتی گەیاندنی پەیامەکەدا، هێرشەکەی ئیسرائیل دەستی پێکردبوو.
 
بەپێی زانیارییەکان، ئیسرائیل ئەمریکای ئاگادارنەکردووەتەوە و سوپای ئەمریکا بە هەوڵەکەی زانیوە و کۆشکی سپییان ئاگادارکردووەتەوە. میدیای ئەمریکیش دەڵێت، کۆشکی سپی بەڵێنی بە قەتەر داوە هیچ جارێکی دیکە رووداوی لەو شێوەیە روونادات. 
 
چەند بەرپرسێکی ئەمریکی قسەیان بۆ پێگەی ئەکسیۆس کردووە، دەڵێن: بەیانیی رۆژی سێشەممە سوپای ئەمریکا فڕۆکەکانی ئیسرائیلیان بینیوە کە بەرەو رۆژهەڵات و بە ئاراستەی کەنداو دەچن، داوای روونکردنەوەیان کردووە، بەڵام ئەو کاتەی ئیسرائیل روونکردنەوەی پێداون، مووشەکەکان لە ئاسمان بوون بەرەو قەتەر. 
 
تووڕەیی قەتەر
 
قەتەر وەکو نێوەندگیرێکی سەرەکی لە دانوستاندنەکانی غەززەدا، هێرشەکەی سەرکۆنە کرد و رایگەیاند، مافی خۆیانە وەڵامی ئیسرائیل بدەنەوە. 
 
شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان بن جاسم ئالسانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، "دیپلۆماسیەتی وڵاتەکەی ناوەستێت،" ئەمەش لە کاتێکدا ماجید ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رەتکردەوە دەوحە پێشوەختە لەو هێرشە ئاگادار کرابێتەوە.
 
سەرۆکوەزیرانی قەتەر دەڵێت، سەرەڕای هێرشەکەی ئیسرائیل بەردەوام دەبن لە نێوەندگیریی حەماس و ئیسرائیل بۆ گەیشتنە ئاگربەست. 
 
وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەش دەڵێت، تیمێکی یاسایی پێکهێندراوە بۆ ئەوەی وەڵامدانەوەیەک بۆ ئیسرائیل ئامادە بکەن لەبەرامبەر هێرشەکەی بۆ سەر قەتەر و ئاسایشی هەرێمەکە. هەروەها "ئەو رەفتارە کەمتەرخەمانەیەی ئیسرائیل بەبێ سزا تێناپەڕێت."
 
ئیسرائیل: ئەمجارەش نەیانکوژین، جاری داهاتوو دەیانگەینێ
 
یەحیێل لایتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە واشنتن بەرگری لە هێرشی وڵاتەکەی کرد و بە کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی راگەیاند، "سەرکردەکانی حەماس ئاگادارن، لە هەر شوێنێک بن و هەر کاتێک بێت ئەوان دەکرێنە ئامانج. ئەگەر ئەمجارەش دەستمان پێیان نەگات، جاری داهاتوو پێیان دەگەین."
 
ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای رەخنەکانی ترەمپ، ئیسرائیل، ئەمریکا بە بەهێزترین هاوپەیمانی خۆی دەزانێت لە شەڕی دژی حەماسدا.
 
کەی دەڵێن ئیدی بەسە؟
 
بێنی ساندەرز، سیناتۆری ئەمریکی لە پۆستێکدا لە ئێکس رەخنەی تووندی لە هێرشەکەی ئیسرائیل گرتووە و نووسیویەتی "حکومەتە پەڕگیرەکەی نەتەنیاهوو بەتەواوی لەدەست دەرچووە، ئێستا نەک هەر منداڵانی غەززە برسی دەکەن، بەڵکو یاسا نێودەوڵەتییەکانیش پێشێل دەکەن بە بەردانەوەی بۆمب لەسەر قەتەر کە هاوبەشێکی ئاسایشیی ئەمریکایە. ئەی کەی دەڵێن، ئیدی بەسە؟"
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە