رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران، هۆشداری دایە سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیای سەبارەت بەو رێڕەوەی لە پەیمانی ئاشتی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان بەنێوەندگیریی ئەمریکا دروست دەکرێت و دەڵێت، ئەو رێڕەوە ستراتیژییە کە لەنزیک سنووری ئێرانەوە، رەنگە بەشێک بێت لە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ فراوانکردنی هەژموونی خۆی لە ناوچەکە.
رۆژی دووشەممە، 11ی ئابی 2025، نووسینگەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بڵاوی کردەوە، کە پزیشکیان بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ نیکۆڵ پاشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا کردووە و "هۆشداری داوە لەبارەی ئامانجەکانی ئەمریکا، کە رەنگە بەدوای ئامانجی هەژموونگەرانەوە بن لە ناوچەی قەفقاز لەژێر پەردەی وەبەرهێنانی ئابووری و گەرەنتی ئاشتی."
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەکەی، پزیشکیان ئاماژەی بەوەکردووە "پێشوازی لە هەر رێککەوتنێک دەکەین، کە ببێتە هۆی بەهێزکردنی ئاشتی لەنێوان دراوسێکانیدا." بەڵام جەختی لەسەر پێویستی رێگری لە "دەستێوەردانی هەر هێزێکی سەربازی یان ئەمنی" کردەوە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی رێڕەوەکەدا.
رێڕەوی نەخچیڤان کە بە "رێڕەوی ترەمپ بۆ ئاشتی و خۆشگوزەرانی نێودەوڵەتی" ناوی دەهێندرێت، بەشێکە لە پەیماننامەی ئاشتی کە هەفتەی رابردوو لە کۆشکی سپی لە نێوان سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا و ئازەربایجان واژۆ کرا.
بە گوێرەی پەیماننامەکە، هەردوو وڵاتی نەیار کە کۆتایی بە جەنگی 35 ساڵەی نێوانیان هێنا لە رێگەی واژۆکردنی ئەو پەیماننامەیەوە رەزامەندیان لەسەر ئەوە داوە ژمارەیەک کۆمپانیای ئەمریکی کۆنترۆڵی رێڕەوەکە بۆ ماوەی 99 ساڵی داهاتوو بکەن.
تاران رایگەیاندووە کە بڕیارە جێگری وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا رۆژی سێشەممە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرسە سەردانی ئێران بکات.
رۆژی شەممە، عەلی ئەکبەر ویلایەتی، راوێژکارێکی باڵای رێبەری باڵای ئێران، لەدوای واژۆکردنی ئەو پەیماننامەیە، هەڕەشەی کرد و رایگەیاند تاران رێگە بە دروستکردنی رێڕەوێک لەسەر سنوورەکانی نادات و هۆشداری دا کە ناوچەکە دەبێتە "گۆڕستانێک بۆ بەکرێگیراوانی ترەمپ".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ