رووداو دیجیتاڵ
مەرجەعی باڵای شیعە هەڵوێستی خۆی لەبارەی شەڕی کەرتی غەززە لەنێوان بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی و ئیسرائیل راگەیاند و جگە لەوەی هیچ فەتوایەکی بۆ شەڕکردنی گرووپە چەکدارەکانی لە دژی ئیسرائیل تێدا نییە، دەڵێت: "کۆتایی هاتنی نەهامەتییەکانی گەلی فەلەستین بە بەدەستهێنانی مافە رەواکانی و نەهێشتنی داگیرکەر لەسەر خاکە بەزۆر براوەکەی دەبێت."
شەوی چوارشەممە، 11-10-2023، عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعە، راگەیێندراوێکی لەبارەی شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی و ئیسرائیل بەتایبەت لە کەرتی غەززە، بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، "لەم رۆژانەدا کەرتی غەززە رووبەڕووی بۆردوومانی بەردەوام و هێرشی چڕی ئەوتۆ دەبێتەوە کە هاوشێوەی نەبووە، ئەوەش تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی زیاتر لە شەش هەزار هاووڵاتی، هەروەها بووەتە هۆی کۆچ پێکردنی ژمارەیەکی زۆر لە ماڵەکانیان و وێرانکردنی ناوچەی نیشتەجێبوونی فراوان، بۆردوومانەکەش ناوچە جیاوازەکان دەکاتە ئامانج و تەنانەت هیچ شوێنێکی ئاسایش نییە کە خەڵک پەنای بۆ ببەن."
هەروەها دەڵێت: "لە هەمانکاتدا سوپای داگیرکەر گەمارۆیەکی خنکێنەری بەسەر کەرتی غەززەدا سەپاندووە، لەم دواییانەدا تەنانەت ئاو و خۆراک و دەرمان و پێداویستییەکانی دیکەی ژیانیشی گرتووەتەوە، بەوەش گەورەترین زیانی بە خەڵک گەیاندووە، کە هیچ گوناهیان نییە و هیچیان لەدەست نایەت، وەکو ئەوەی بڵێیت بەوە دەیەوێت تۆڵەیان لێبکاتەوە و زیانە گەورەکەی و شکستە گەورەکەی لە رووبەڕووبونەوەکانی ئەم دواییە قەرەبوو بکاتەوە."
بەیانیی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ـی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند، تاوەکو دوای نیوەڕۆ نزیکەی "پێنج هەزار" مووشەکی ئاراستە کردن. دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد و لە هەندێک شوێنیش شەڕ لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس دروستبوو. تاوەکو ئێستاش پێکدادانەکان بەردەوامن.
مەرجەعی باڵای شیعەکان کە ماوەی چەند رۆژێکە بەشێک لە سەرکردە سەربازییەکانی چەند گرووپ و ملیشیایەکی عێراق چاوەڕوانی هەڵوێستی تووندی لەبارەی شەڕی غەززەوە لێدەکەن و لە هەندێک شوێنیشدا چاوەڕوانی فەتوایان لێکردووە بۆ ئەوەی بەشداری لەشەڕەکەدا بکەن و لە دژی ئیسرائیل هاوکاربن، لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت: "هەموو جیهان رووبەڕووی ئەو وەحشیگەراییە قێزەونە ببێتەوە و رێگری لە پێدرێژکردنی هێزەکانی داگیرکەر لە جێبەجێکردنی پلانەکانی بۆ زیان گەیاندنی زیاتر بە گەلی ستەملێکراوی فەلەستین بکەن."
عەلی سیستانی، هەروەها باسی لەوەش کردووە، "هەموو ئەوانە لەبەر چاوی و گوێی هەموو جیهان روودەدات و هیچ بەرپەرچدانەوە و رێگرییەکی لێ ناکرێت، بەڵکو هەیە پشتیوانی ئەو کارە تاوانکارییانە دەکات و بە پاساوی بەرگریکردن لە خۆی پاساوی دەداتێ."
بەپێی گوتەکانی سیستانی ماوەی حەوت دەیە دەبێت نەهامەتییەکانی گەلی فەلەستین بەردەوامە و پێیوایە: "بە بەدەستهێنانی مافە رەوانەکانی و نەهێشتنی داگیرکاری لەسەر خاکە براوەکەی بەدەست دێت و ئەوە تاکە رێگەیە بۆ سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکە، بەبێ ئەوە بەرگری لە دژی دەستدرێژیکاران بەردەوام دەبێت و گێژاوی تووندوتیژی ژیانی زۆر کەسی بێتاوان دەبات."
لە ئەنجامی شەڕەکە و بەپێی دوایین ئامار کە لەلایەن هەردوولاوە بڵاوکراوەتەوە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو هەزار کەس لە هەردوولا کوژراون و زیاتر لە شەش هەزار کەسیش بریندارن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ