عێراق و سعودیە دژی کۆتاییهێنان بە سووتەمەنیی بەردینن

11-12-2023
ئاڵای ئێران و سعودیە.
ئاڵای ئێران و سعودیە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆپ 28، نوێنەری وڵاتان بە چڕیی دانوستاندیان کرد. گونجاندنی دەستەواژەی (کۆتاییهێنانی قۆناخ بە قۆناخ بە سووتەمەنی بەردین) گرنگترین خاڵی ناکۆکی نێوان وڵاتانە.
 
عێراق و سعودیە، بە تووندی دژی گونجاندنی ئەو دەستەواژەیەن. لەبەرئەوەی پابەندیان دەکات بە کەمکردنەوەی بەکارهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت و گاز. نوێنەری ئەڵمانیا وەڵامی ئەو دوو وڵاتە دەداتەوە.
 
جێنیفەر مۆرگەن، دانوستاندنکاری ئەڵمانیا دەڵێت، "پێموایە ئەوان دەزانن کە ئێمە پێداگرین. یەکێتی ئەوروپا بە رادەیێکی زۆر سوورە لەسەر دانانی ئەو دەستەواژەیە. لەبەرئەوەیە ئەوان دەبێت هاوکاربن هەرچەندە رەنگە ناخۆشیش بێت بۆیان".
 
بەپێی رەشنووسی دەقی کۆتایی کونفرانسەکە، وڵاتان دەبێت پاڵپشتییەکانیان بۆ نرخی سووتەمەنی لە جۆری نەوت و گاز و خەڵووز کەمبکەنەوە.
 
بەڵام یەکێتی ئەوروپا سوورە لەسەر کەمکردنەوەی نەوت و گاز بۆ بەدیهێنانی ئامانجی کۆنترۆڵکردنی پلەی گەرمی زەوی لە 1.5 پلەی سیلیزی.
 
کوپکە هۆیکسترا، بەرپرسی کاروباری کۆمۆسیۆنی ئەوروپا بۆ پرسی کەشوهەوا دەڵێت، "ئەگەر ئێمە شتی زیاتر بخەینە هەواوە، زەوی دەکوڵێت. لەبەر ئەوەیە دەبێت سازش هەبێت. دەبێت سازش بکرێت کە چۆن ئەم کارە بکرێت و چۆن پێوانە بکرێت. ئێمە ناتوانین مشتومڕ لەسەر 1.5 پلەی سیلیسی بکەین. ناتوانین دژی ئەوە بین کە دەبێت کۆتایی بە سووتەمەنی بەردین بهێنین".
 
رۆژی سێشەممە کۆنفرانسی کۆپ 28 کۆتایی دێت و دەبێت 196 وڵاتی بەشداربوو کۆدەنگ بن لەسەر دەقێک کە بتوانن پێیەوە پابەند بن.
 
سوڵتان جابر، سەرۆکی کۆپ 28 گوتی، "ئێمە دەبێت زۆر زۆر پەلە بکەین. کاتێک کێشەمان هەیە و هەندێ وڵاتی نیگەران کردووە، دەبێت بە کراوەیی نیگەرانی ئەو وڵاتانە بەشێوازی دادوەرانە باس بکرێن و رەچاوی بنەمای یەکسانی بۆ هەموو وڵاتێک بکرێت".
 
عێراق بەڕێژەی 90% و سعودیە بەڕێژەی 75% پشتیان بە داهاتی نەوت بەستووە. کەمکردنەوە یان سنوورداrکردنی بەکارهێنانی نەوت و گاز لە درێژخایەندا کێشە بۆ ئەو دووڵاتە و  وڵاتە نەوتییەکانی دیکە دروستدەکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە