رووداو دیجیتاڵ
تاوانباری سەرەکیی هەڵدانەخوارەوەی تەرمی شەهید دەنیز ئاشکرا بوو، ئەو چەکدارە تووندڕۆیەی لە دیمەنەکاندا بە پێکەنینەوە فەرمانی سووکایەتیکردن بە تەرمەکە دەدات، دەرکەوت پێشتر بانگخوازێکی ئایینی بووە لە میسر.
لە بووڵتەنی رۆژی هیوا جەمالی تۆڕی میدیایی رووداو، وردەکاریی ژیانی ئەو چەکدارە تووندڕۆ بڵاوکرایەوە فەرمانی کرد تەرمی شەهید دەنیز لە عەفرین فڕێبدرێتە خوارەوە. ئەو چەکدارە ناوی (ئەحمەد حەماد ئال مەنسوور)ـە، خەڵکی میسر و لە شاری ئەسکەندەرییە لەدایکبووە، رەگ و ریشەی بۆ هۆزەکانی سوهاج دەگەڕێتەوە.
ئەحمەد مەنسوور، سەرەتا لە "ئەزهەر" خوێندوویەتی و وەک بانگخوازێکی ئایینی لە تەلەڤیزیۆنی فەرمیی میسر دەرکەوتووە.
خەونی بووە ببێتە بانگخوازێکی ناسراو، بەڵام دواتر بە پاساوی ئەوەی زانایانی ئایینیی میسر بوونەتە "پاشکۆی دەسەڵات"، رێڕۆی ژیانی دەگۆڕێت و دەچێتە ئەکادیمیای دەریایی.
ژیانی سیاسیی مەنسوور لە ساڵی 2011ـەوە دەستپێدەکات؛ لە خۆپێشاندانەکانی 25ـی یەنایەر و دواتر لە مانگرتنی "رابیعە" لە ساڵی 2013 بەشدار دەبێت و پەیوەندی بە گرووپە تووندڕۆکانی وەک "حازموون" دەکات. دوای رووخانی دەسەڵاتی ئیخوان موسلمین لە میسر، لە ساڵی 2013دا بەرەو سووریا هەڵدێت.
مەنسوور لە سووریاوە دەچێتە ناو ریزەکانی "بەرەی نوسرە" و "هەیئەی تەحریری شام" و پلەکەی بەرز دەبێتەوە؛ دەبێتە بەرپرسی نووسینگەی پلاندانان و بەدواداچوون و بەرپرسی "بانگەوازی سەربازی". لە تەنیشت کارە چەکدارییەکانی، کۆمپانیایەکی وەبەرهێنانی خانووبەرەیشی هەبووە.
لە سەرەتای ساڵی 2025دا، ئەو چەکدارە توندئاژۆیە لەنێو خاکی سووریاوە بزووتنەوەیەکی بە ناوی "شۆڕشگێڕانی 25ـی یەنایەر" راگەیاند بە ئامانجی رووخاندنی دەسەڵاتی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، ئەمەش کێشەی دیپلۆماسی گەورەی نایەوە.
دوای دروستبوونی ناکۆکی لەگەڵ حکومەتی میسر، لە 13ـی کانوونی دووەمی 2025، هەواڵی دەستگیرکردنی لە دیمەشق بڵاوبووەوە. لەبارەی دەستگیرکردنی، ئیدارەی نوێی سووریا رایگەیاند، رێگە نادەن خاکی وڵاتەکە ببێتە سەکۆیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ.
دوایین کاری ئەو چەکدارەی سوپای عەرەبیی سووریا، ئەو دیمەنە بوو تێیدا فەرمانی هەڵدانەخوارەوەی تەرمی شەهید دەنیز دەدات و پیرۆزبایی لە چەکدارەکانی دەکات. ئەم رەفتارە، ئەحمەد مەنسووری لە چەکدارێکی توندڕۆوە کردە "تاوانبارێکی نێودەوڵەتی".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ