رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ئەبوزەبی لەگەڵ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات کۆبووەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری ئەبوزەبی پایتەختی ئیمارات لەگەڵ شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی میرنشینی عەرەبیی یەکگرتوو (ئیمارات) کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەت پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆی بۆ گیانلەدەستدانی سێ سەربازی ئیماراتی لە سۆماڵ بە سەرۆکی ئیمارات گەیاند.
هاوکات، هەردوولا هاوڕابوون "لە سەر پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات و پەرەپێدانی هاوکاری و هاوئاهەنگی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا."
دوێنێ یەکشەممە، سەرۆکی حکومەت بە بانگهێشتی تایبەتیی شێخ محەممەد بن راشد ئال مەکتووم، جێگری سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و حاکمی میرنشینی دوبەی، سەردانی ئیماراتی عەرەبی کرد.
بەگوێرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەت هەروەها لە پەراوێزی لووتکەی جیهانیی حکومەتەکان، چەندین دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسان و بیرمەندان و خاوەنکارانی عەرەبی و هەرێمی و جیهانی دەبێت .
لووتکەکە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەێت و زیاتر لە 25 سەرکردەی حکومەت و سەرکردەی وڵاتان، 120 شاندی حکومی و 85 رێکخراوی نێودەوڵەتی و ناوچەیی بەشداری تێدا دەکەن گفتوگۆ دەربارەی "داهاتووی کاری هاوبەش، گۆڕانی کەشوهەوا، دارایی، دۆزینەوەی زانستی، ژیری دەستکرد و تەکنەلۆژیا" دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ