رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست) پڕۆژەیاسایەکی تایبەتی بۆ پێکهێنانی دادگایەکی سەربازی پەسندکرد، ئەوەش بە مەبەستی دادگاییکردنی ئەو چەکدارە فەلەستینییانەی بەشدارییان لە هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023دا کردووە. دادگاکە دەسەڵاتی دەرکردنی سزای لەسێدارەدانی دەبێت.
پڕۆژەیاساکە بە کۆدەنگیی هاوپەیمانیی دەسەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆن پەسندکرا؛ 93 پەرلەمانتار دەنگیان پێدا.
لەسەر ئەو بنچینەیە دادگاییکردنی ئەو چەکدارانە دەست پێدەکات کە لە هێرشەکەدا بەشداربوون و ئەو رۆژە یان دواتر دەستگیرکراون.
دادگەییکردنەکە ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە تۆمەتبارن بە هێشتنەوە یان ئەشکەنجەدانی بارمتەکان لەنێو کەرتی غەززە.
بە گوێرەی میدیای ئیسرائیل، پێشبینی دەکرێ نزیکەی 400 کەس دادگەیی بکرێن.
یاساکە رێگە دەدات سزای لەسێدارەدان بەسەر تاوانباران دا بسەپێنرێ، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دوایین جار ئیسرائیل سزای لەسێدارەدانی جێبەجێ کردبێت، لە ساڵی 1962دا بوو بەسەر ئەدۆڵف ئایخمان، یەکێک لە سەرکردەی نازییەکانی ئەڵمانیا.
یەکێکی دیکە لە بڕگەکانی ئەم یاسایە ئەوەیە هەر کەسێک پەیوەندیدار بە رووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەر تۆمەتبار یان سزا درابێت، ناوی لە لیست و رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکاندا نانووسرێ و ئازاد ناکرێ.
یولیا مالینۆڤسکی، یەکێک لە پەرلەمانتارە ئۆپۆزیسیۆنەکان کە پاڵپشتی پڕۆژەیاساکەی کرد، رایگەیاند: "ئەمە دادگەییکردنی نازییەکانی سەردەم دەبێت و دەچێتە مێژووەوە."
هاوکات باسم نەعیم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس، سەرکۆنەی هەوڵەکەی کرد و بە "پێشهاتێکی مەترسیدار" و "یاسایەکی رەگەزپەرستانە" ناویبرد. هەروەها رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ نیگەرانیی خۆیان دەربڕی و هۆشدارییان دا لەوەی دەکرێ ئەمە تەنیا "دادگاییکردنێکی رووکەش" بێ و بۆ تۆڵەسەندنەوە بەکاربهێنرێ.
هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 بۆسەر ئیسرائیل بووەهۆی کوژرانی 1,221 ئیسرائیلی کە زۆربەیان سڤیل بوون؛ هەروەها 251 کەس وەک بارمتە بۆ غەززە بردران. لە بەرامبەردا، ئۆپۆزسیۆنە سەربازییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بووەتەهۆی کوژرانی زیاتر لە 72 هەزار فەڵەستینی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ