رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل دەڵێ، دوو ئەفسەری پلەدار بە تۆمەتی قاچاخچێتی و گەیاندنی کاڵای قەدەخەکراو بۆ کەرتی غەززە و وەرگرتنی ملیۆنان شیکڵ بەرتیل، دادگەیی دەکرێن.
بەگوێرەی لیستی تۆمەتەکان کە لەلایەن سوپاوە بڵاوکراوەتەوە، ئەو دوو ئەفسەرە تۆمەتبارن بە "هاوکاریکردنی دووژمن، وەرگرتنی بەرتیل، قاچاخچێتی لە دۆخێکی مەترسیدار، سەرپێچیی باج، سپیکردنەوەی پارە" و چەندین تاوانی دیکە.
لە زانیارییەکانی دادگەدا هاتووە، یەکێک لەو ئەفسەرانە لە شوباتی 2024 تاوەکو کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، تێوەگلاوە لە "تۆڕێکی فراوانی قاچاخچێتی" بۆ بردنی جگەرە و کاڵای قەدەخەکراو بۆ کەرتی غەززە. باوکی ئەفسەرەکە و چەند سەربازێکی دیکەی هەمان یەکەی سەربازی لەو کارەدا هاوکار بوون.
داواکاری گشتیی سەربازی باس لەوە دەکات، تەنیا ئەو ئەفسەرە بڕی 13 ملیۆن شیکڵ (نزیکەی 3.5 ملیۆن دۆلار)ی لەو قاچاخچێتییەدا دەستکەوتووە. جگە لەوەش، ئەو کەسە تۆمەتبارە بە دزینی سەتان فیشەک و تەقەمەنی لە کۆگاکانی سوپا و فرۆشتنەوەیان بە خەڵکی سڤیل.
لەبارەی تۆمەتباری دووەمەوە، دادگا ئاماژەی بەوە کردووە کە لە کۆتایی ساڵی 2024ـەوە پەیوەندی بە تۆڕەکەوە کردووە و لە چەند مانگێکدا نزیکەی 50 کۆنتێنەر جگەرەیان گەیاندووەتە غەززە، کە لەو رێگەیەوە بڕی 750 هەزار شیکڵی وەک بەرتیل وەرگرتووە.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوەکەیدا باس لەوە دەات کە بە جیدی کار لەسەر ئەم دۆسیانە دەکات، چونکە قاچاخچێتی بۆ نێو غەززە "مەترسییەکی گەورە" لەسەر ئاسایشی وڵات دروست دەکات، بەتایبەتی کاتێک لەلایەن کارمەندانی سەربازییەوە ئەنجام دەدرێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ