رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمپانیای (رافایل) کە بەرهەمهێنەری سیستەمی بەرگریی (گومبەزی ئاسنین)ـە رایگەیاند، سیستەمەکەیان کاراییەکی بێوێنەی نیشانداوە و توانیویەتی نزیکەی 99٪ی ئەو مووشەکانە تێکبشکێنێت کە لەلایەن حەماس و حیزبوڵڵاوە ئاراستەی ئیسرائیل کراون.
رۆژی دووشەممە، 11ـی ئایاری 2026، یووڤاڵ شتاینیتز، سەرۆکی کۆمپانیای (رافایل بۆ سیستەمە بەرگرییە پێشکەوتووەکان) لە کۆنفرانسێکی سەنتەری ئۆرشەلیم بۆ کاروباری ئاسایش و دەرەوە رایگەیاند، لە دوای هێرشەکەی تشرینی یەکەمی 2023ی حەماسەوە، بزووتنەوەی حەماس لە غەززە و حیزبوڵڵا لە لوبنانەوە پێکەوە نزیکەی 40 هەزار مووشەکیان ئاراستەی ئیسرائیل کردووە.
شتاینیتز ئاماژەی بەوە کرد کە "گومەزی ئاسنین زۆرینەی ئەو مووشەکانەی بە سەرکەوتوویی تێکشکاندووە؛ رێژەی سەرکەوتنەکە 100% نییە، بەڵام زۆر نزیکە لێی و لە دەوروبەری 98% بۆ 99%ـدایە."
سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی تاران، شتاینیتز ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران لە ساڵی 2024ەوە لە دوو قۆناخی شەڕدا نزیکەی 1,500 مووشەکی بالیستی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە، بەڵام "تەنیا چەند ژمارەیەکی کەم" لەو مووشەکانە تێپەڕیون و تێکنەشکێندراون. هەروەها دڵنیایی دا کە ئیسرائیل تووشی هیچ کورتهێنانێک نەبووە لە دابینکردنی مووشەکی بەرپەرچدەرەوە.
سەرۆکی کۆمپانیای رافایل پێیوایە بەبێ ئەم سیستەمە بەرگرییە، کە بەشێکی زۆری بودجەکەی لەلایەن ئەمریکاوە دابین دەکرێت، ئابووریی ئیسرائیل "بە تەواوی ئیفلیج دەبوو"، چونکە خەڵک نەدەچوونە سەر کار، قوتابخانەکان دادەخران و بنکە سەربازییەکانیش نەدەتوانرا بەکاربخرێن. گوتیشی: "ئەگەر گومەزی ئاسنین نەبووایە، خوێنڕشتنێکی گەورە لە شارە سەرەکییەکانمان رووی دەدا و هەزاران ئیسرائیلی دەکوژران."
یووڤاڵ شتاینیتز کە پێشتر وەزیری هەواڵگری و ستراتیژی بووە و یەکێک بووە لە دانوستاندنکارە سەرەکییەکانی ئیسرائیل دژی رێککەوتنی ئەتۆمیی 2015، رایگەیاند هەر رێککەوتنێکی نوێ لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا دەبێت مەرجی تووندی تێدابێت.
بە بڕوای شتاینیتز، دەبێت رێککەوتنەکە لانیکەم بۆ ماوەی 20 ساڵ رێگری لە پیتاندنی یۆرانیۆم بکات و ئێران پابەند بکات بەوەی "هیچ جۆرە چەکێکی دیکەی کۆکوژ، وەک چەکی کیمیایی و بایۆلۆژی، پەرە پێنەدات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ