لە غەززە بە میوزیک کاریگەری جەنگ لەسەر منداڵان کەمدەکرێتەوە

13-09-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
ئامانجی گرووپە میوزیکییەکە ئەوەیە کاریگەری جەنگ لەسەر منداڵان کەمبکاتەوە.
ئامانجی گرووپە میوزیکییەکە ئەوەیە کاریگەری جەنگ لەسەر منداڵان کەمبکاتەوە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
  
ژمارەیەک گەنج لە شاری غەززە، گرووپێکی میوزیکیان بەناو "باڵندەکانی غەززە دەجریوێنن" بۆ دووربوون لە کاریگەرییەکانی جەنگ دروستکردووە. 
 
یارا کچێکی 17 ساڵانە و ئەندامی گرووپەکەیە، رۆژانە راهێنان لەسەر ئامێرەکانی میوزیک، لەوانە شمشاڵ و ڤایۆلن دەکەن. 
 
یارا ئەبو عمەشە، فێرخوازە لە گرووپەکە و دەڵێت: "زۆر حەزم لە میوزیکە و ویستم ببمە بەشێک لەم گرووپە. لەو رێگەیەوە توانیم ورەم بەرزبکەمەوە و لە بیرکردنەوە لە جەنگیش دوورکەومەوە. توانیم لە دەنگی خاپوورکردن و بۆردوومان دوورکەومەوە". 
 
بەگوێرەی سەنتەری راهێنانی کۆمەڵگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان، 96٪ـی منداڵانی غەززە دەڵێن، مردن بەهۆی جەنگەوە مەترسییەکی راستەقینەیە. هەروەها، نیوەی منداڵانیش پێیانوایە لەم جەنگەدا دەمرن. 
 
ئەو بیرکردنەوانە و بۆردوومانەکانی رۆژانە کاریگەری زۆری دەروونی لەسەر ئێستا و داهاتووی دانیشتووانی غەززە و بەتایبەتی منداڵان دروستکردووە. 
 
ئەحمەد ئەبو عەمشە، مامۆستای میوزیکە و باس لەوە دەکات، "ئەم گرووپەمان بەناوی "باڵندەکانی غەززە دەجریوێنن" دروستکرد. ئەم گرووپە میوزیکی نیشتمانی، خۆشەویستی و ئاشتی دەژەنێت و ئامانجیان نەهێشتنی ئازاری دەروونی منداڵانە." 
 
بەگوێرەی رێکخراوی منداڵپارێزی نێودەوڵەتی، لە تشرینی یەکەمی 2023ـوە، لە هەر کاژێرێک منداڵێک لە غەززە کوژراوە. ئەمە جگە لە بێسەروشوێنبوونی زیاتر لە 20 هەزار منداڵی کەرتەکە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە