نووری مالیکی: داعش و زایۆنیزم دوو رووی یەک دراون

12-10-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

نووری مالیکی پشتیوانی بۆ بزووتنەوەی حەماس و گەلی فەلەستین دەربڕی و داوایکرد لەو وڵاتە عەرەبییانە کرد کە رێککەوتنیان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە و پەیوەندییەکانیان ئاسایکردووەتەوە باڵیۆزانی ئیسرائیل لە وڵاتەکانیان دەربکەن و دەڵێت، "سوپای ئیسرائیل شکۆی لەدەستداوە و بووە بە نوکتە."
 
شەوی پێنجشەممە، 12-10-2023، نووری مالیکی، ئەمینداری گشتیی حیزبی دەعوەی ئیسلامی گوتارێکی ڤیدیۆیی تایبەت بە رووداوەکانی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل بڵاوکردەوە، جگە لە ناردنی سڵاو و رێز بۆ ژمارەیەک لە گرووپەکانی فەلەستین و ئەوەی ئەو ناوی لێناوە گرووپەکانی بەرگری، هێرش دەکاتە سەر بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی.
 
لە گوتارەکەیدا مالیکی باسی ئەوە دەکات کە بەشێک لەگەڵ گەلی فەلەستین و مافەکانی وەستانەوە و بەشێکی دیکەش دژیان وەستانەوە و دەڵێت، "نەتەوە یەکگرتووەکان و سیستەمی نێودەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤ لەکوێن؟ ئایا لەوە خراپتر هەیە کە ئەمڕۆ دەیبینین کە پاداشتی تاوانبار دەکات و پشتیوانی ئامرازی شەڕی زایۆنیی ستەمکار دەکات و سەرکۆنەی قوربانی دەکات."
 
هەروەها بە گلەییەوە دەڵێت، "ئەوەی زیاتر بۆ ئێمە گرنگە هەڵوێستی برا موسڵمان و عەربەکانمان کە شەرەف و ئەرک و لە پاڵ برا فەلەستینییەکانیان بوەستن و لە پاڵ رەوایەتی پیرۆز بوەستن، ئەوەی فەلەستینییەکان لە غەززە رووبەڕووی دەبنەوە لە کوشتنێکی رێکخراو کە ئامرازی شەڕی زایۆنی دەیکات بەردەوامیدانە بە بیروباوەڕی زایۆنی لە قڕکردن و وەحشیگەرایی کە فەلەستینییەکان لەماوەی حەوت دەیەیە رووبەڕووی دەبنەوە، هەروەها مۆری شەرمەزارییە بەنێو چەوانی ئەو وڵاتانەوەیە کە دەڵێن بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ دەکەن و خۆیان بە وڵاتی پێشکەوتوو دەزانن و سەرکردەکانی ئیسرائیل بۆ ئەنجامدانی تاوانی زیاتر هاندەدەن و ئەوەش وایانلێدەکات هاوبەشی تاوانەکانی داگیرکەربن."
 
سەبارەت بە یارمەتییەکانی ئەمریکا کە سەرۆکی ئەو وڵاتە بەڵێنیداوە بە ئیسرائیلی ببەخشێت لە چوارچێوەی شەڕەکەی لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس، ئەمینداری گشتیی حیزبی دەعوەی ئیسلامی دەڵێت، "هەر یارمەتییەکی سەربازی بەشدارییەکی راستەقینەیە لە شەڕی دژ بە گەلی فەلەستینی، بەرپرسیارێتی لێکەوتەی فراوانی چوارچێوەی شەڕ و هەڕەشە لە ئاشتەوایی و سەقامگیری لە جیهان دەکەوێتە ئەستۆیان."
 
نووری مالیکی، لەو گوتارەیەدا کە نزیکەی 7 خولەکە دەبێت دەشڵێت، "سوپای ئیسرائیل شکۆی لەدەستداوە و بووەتە نوکتە."
 
نووری مالیکی لەبارەی رووداوەکانی دوای رۆژی 7ـی ئەم مانگەوە کە تێیدا بزووتنەوەی حەماس لە زەوی و ئاسمان و دەریاوە هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و تاوەکو ئێستا نزیکەی 2,500 کوژراو لە شەڕەکەی لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس هەن و زیاتر لە نۆ هەزار کەسیش بەهۆی شەڕەکەوە برینداربووە، لە گوتەکەیدا دەڵێت: "ئیسرائیل رووبەڕووی دەبێتەوە گەورەترین شکستە لەوەتی دامەزراندنییەوە لە ساڵی 1948 دەیبینێت و ئەوەشی کە دێت لە داهاتوودا گەورەتر دەبێت."
 
هەروەها لێکچوون لەنێوان داعش و زایۆنیزم دەکات و دەڵێت: "ئەوەی داعش کردوویەتی لە کوشتن و دەربەدەرکردن و پێشێلکاریی دژ بە پیرۆزییەکان لەگەڵ رێکخراوەکانی ئیسرائیل یەکدەگرنەوە، داعش و زایۆنی دوو رووی یەک دراون." 
 
باسی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیلیش دەکاتەوە و دەڵێت: "تاوانەکانی ئیسرائیل بەدرێژایی زیاتر لە حەوت دەیە رێککەوتننامەی ئاشتی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و راکردن بەدوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان  لەگەڵ ئیسرائیل لە تەنیا درۆیەک زیاتر هیچی دیکە نییە کە موجاهیدانی پاڵەوانانی فەلەستینی لە تۆفانی ئەقسا و تاوان و وەحشیگەرایی سەرکردەکانی قەوارەی زایۆنی رووی راستەقینەی نیشاندا."
 
نووری مالیکی یەکەم رۆژی هێرشەکانی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بە رۆژێکی پیرۆز دەزانێت و دەڵێت: "رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەر لە رۆژە گەورەکانی خودایە کە بە نەمری لە یادەوەورەیی شەریفەکانی جیهان دەمێنێتەوە."
 
نووری مالیکی داوا لە عێراقییەکان دەکات پشتیوانی لە براکانیان بکەن و دەڵێت "فریایان بکەون، هەروەها داوا لە کۆمکاری عەرەبی، رێکخراوی کۆنگرەی ئیسلامی، نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات کاری جیدی بکەن بۆ لابردنی گەمارۆی سەر غەززە."
 
سەبارەت بەو وڵاتانەشی کە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل ئاساییکردووەتەوە، نووری مالیکی لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت، "داوا لەو وڵاتە عەرەبییانە دەکەین کە بەڵێننامەی ئاشتی و رێککەوتننامەی ئاسایکردنەوەیان هەیە رایبگرن و باڵیۆزە زایۆنییەکان لە پایتەختە عەرەبییەکان دەربکەن بەهۆی سەلماندنی درۆکانیان."
 
لە ساتی دەستپێکردنی هێرشەکەی حەماسەوە لە رۆژی حەوتی ئەم مانگەوە، لانیکەم هەزار و 300 کەس لەنێو ئیسرائیلدا کوژراون و سەرووی سێ هەزاری دیکەش برینداربوون، ئەمە وەک بەرپرسانی ئیسرائیلی رایانگەیاندووە. 
 
لە هێرشە ئاسمانییە بەردەوامەکانی ئیسرائیلیش بۆسەر کەرتی غەززە، هەزار و 417 کەس کوژراون کە 447یان منداڵ و 248یان ژنن، هەروەها 6 هەزار و 268ی دیکەش برینداربوون، ئەمە بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی غەززە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە