وەزیری دەرەوەی ئێران: بەهۆی تۆفانی ئەقساوە پیرۆزبایی لە گەلی فەلەستین دەکەم

12-10-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لەگەڵ بەردەوامبوونی "تاوانەکانی جەنگ" لە دژی فەلەستینییەکان، سەرجەم ئەگەرەکان لەناوچەکەدا کراوەیە. دەشڵێت: "بەهۆی تۆفانی ئەقساوە پیرۆزبایی لە گەلی فەلەستین دەکەم کە وەڵامی تاوانەکانی شەڕی نەتانیاهووە."
 
شەوی پێنجشەممە، 12-10-2023، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەیرووتی پایتەختی لوبنانەوە باسی شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیلی کرد کە ماوەی پێنج رۆژە بەردەوامە و لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "لەگەڵ بەردەوامیی شەڕ لە دژی فەلەستینییەکان هەموو ئەگەرەکان لە ناوچەکەدا کراوەن."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، "پیرۆزبایی لە گەلی فەلەستینی دەکەم بەهۆی ئۆپەڕاسیۆنی تۆفانی ئەقسا، کە وەڵامی تاوانەکانی شەڕی نەتەنیاهووە." لەبارەی هۆکاری سەردانەکەی بۆ لوبنان کە لەدوای عێراقدا هات، گوتی، "ئێمە لێرەین بۆ جەختکردنەوە لە رەتکردنەوەی بەردەوامیی تاوانەکانی شەڕ لە دژی فەلەستینییەکان لەلایەن حکومەتە ئیسلامییەکانەوە."
 
جەختیشی کردەوە لەگەڵ بەرپرسانی لوبنان لەبارەی دۆخی غەززەوە گوتوبێژ دەکات.
 
رۆژی پێنجشەممە، 12-10-2023، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە. بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، عەبدوڵڵاهیان لە کۆبوونەوەکە بە سوودانی گوتووە: "وڵاتان پەیوەندیمان پێوەدەکەن و لەبارەی کردنەوەی بەرەی دیکەی جەنگ دژی ئیسرائیل پرسیار دەکەن، وەڵامی ئێمە ئەوەیە کە هەڵسوکەوتی ئیسرائیل بەرامبەر غەززە دەزانێت، هەرکەسێکیش بیەوێ بەرەیەکی دیکەی جەنگ بکاتەوە، مۆڵەت لە ئێمە وەرناگرێت."
 
لە 7ـی ئەم مانگەوە چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"یان دژی ئیسرائیل راگەیاند و هێرشیان کردە سەر چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتە و لەوکاتەوەش ئیسرائیل بەردەوام کەرتی غەززە بۆردوومان دەکات، هیچ ئاماژەیەکیش بۆ هێور بوونەوەی دۆخەکە بەدی ناکرێت.
 
لە ساتی دەستپێکردنی هێرشەکەی حەماسەوە، لانیکەم هەزار و 300 کەس لە نێو ئیسرائیلدا کوژراون و سەرووی سێ هەزاری دیکەش برینداربوون، ئەمە وەک بەرپرسانی ئیسرائیلی رایانگەیاندووە. 
 
 لە هێرشە ئاسمانییە بەردەوامەکانی ئیسرائیلیش بۆسەر کەرتی غەززە، هەزار و 417 کەس کوژراون کە 447یان منداڵ و 248یان ژنن، هەروەها 6 هەزار و 268ی دیکەش برینداربوون، ئەمە بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی غەززە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە