رووداو دیجیتاڵ
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنەکەی خۆی جێبەجێ کرد و رۆژی سێشەممە 13-01-2026 بە فەرمی سێ لقی رێکخراوی ئیخوان موسلیمینی لە روژهەڵاتی نێوەڕاست خستە لیستی تیرۆرەوە، سزای بەسەر خۆیان و ئەندامەکانیاندا سەپاند.
وەزارەتەکانی دەرەوە و گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا، لقەکانی ئیخوان موسلیمینیان لە لوبنان، ئوردن و میسر وەکو رێکخراوی تیرۆریستی ناساند و رایانگەیاند، ئەم گرووپانە مەترسین بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.
وەزارەتی دەرەوە لقی لوبنانی ئیخوان موسلیمینی خستە ناو لیستی "رێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکان (FTO)،" کە تووندترین جۆری پۆلێنکردنە؛ هاوکات لقەکانی ئوردن و میسر لەلایەن وەزارەتی گەنجینەوە وەکو "تیرۆریستی جیهانیی تایبەت (SDGT)،" ناسێندران.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "ئەم بڕیارە هەوڵێکی بەردەوامە بۆ رێگریکردن لە تووندوتیژی و تێکدانی سەقامگیری لە لایەن لقەکانی ئیخوانەوە لە هەر شوێنێک بن، ئەمریکا هەموو ئامرازەکان بەکاردەهێنێت بۆ بڕینی ئەو سەرچاوە داراییانەی بۆ تیرۆر بەکاریان دەهێنن."
هەروەها محەممەد فەوزی تەقووش، ئەمینداری گشتیی ئیخوان موسلیمین لە لوبنان، بە فەرمی وەکو "تیرۆریستی جیهانی" ناسێندرا. واشنتن دەڵێت، لقی لوبنانی ئیخوان لەدوای هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمی 2023وە، هاوشانی حەماس و حیزبوڵڵا مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە، لقەکانی میسر و ئوردنیش تۆمەتبار کراون بەوەی هاوکاریی مادی و داراییان پێشکێشی حەماس کردووە.
کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان
بڕیارەکەی ئەمریکا پێشوازیی لایەنە دژبەرەکانی ئیخوانی لێکەوتەوە؛ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەستخۆشی لە هەنگاوەکەی ترەمپ کرد و رایگەیاند، "ئیخوان بۆ سەقامگیریی ناوچەکە هەڕەشەیە"، پێشبینی دەکرێت میسر، ئیمارات و سعودیە بەم بڕیارە خۆشحاڵ بن، بەڵام رەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی گرژی لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ قەتەر و تورکیا، رێگەیان بە چالاکییەکانی ئەو رێکخراوە داوە.
ئیخوان موسلیمین لە ساڵی 1928 لە میسر دامەزرا، ئەم بڕیارەی واشنتن دوای ئەوە دێت دۆناڵد ترەمپ لە 24ی تشرینی دووەمی 2024دا فەرمانێکی سەرۆکایەتیی دەرکرد بۆ وردبینیکردن لە چالاکییەکانی لقەکانی ئەو رێکخراوە، پێشتر هەردوو ویلایەتی فلۆریدا و تێکساس لە ناوخۆی ئەمریکا ئیخوانیان وەکو "رێکخراوێکی تیرۆریستی" ناساندبوو.
حکومەتی میسر لە ساڵی 2013 و حکومەتی ئوردن لە نیسانی 2026 بە فەرمی چالاکییەکانی ئەم رێکخراوەیان لە وڵاتەکانیان قەدەخە کردبوو. شارەزایان دەڵێن، ئەم پۆلێنکردنە نوێیەی ئەمریکا کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر پێدانی ڤیزا و مافی پەنابەری بۆ ئەندامانی ئەم رێکخراوە لە ئەمریکا، کەنەدا و وڵاتانی ئەورووپاش.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ