رووداو دیجیتاڵ
نەدیم زەهاوی، وەزیری پێشووی دارایی بەریتانیا بیانووەکانی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر هەولێر و هەرێمی کوردستان بە "رەفتارێکی ترسنۆکانە" دەزانێت. دەشڵێت، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا گوتوویەتی، ئێران رووبەڕووی بەرپرسیارێتی دەکەینەوە لە بەرامبەر هێرشی هێزە بەوەکالەتەکانی بۆ سەر کوردستان.
نەدیم زەهاوی، وەزیری پێشووی دارایی بەریتانیا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، کۆتاییهاتنی شەڕی غەززەی بەستەوە بەوەی ئێران "خۆی لەو جەنگە بەوەکالەتە بەدووربگرێت" و دەشڵێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کار بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و لە ئەنجامیشدا دروستبوونی دەوڵەتی فەلەستین دەکات.
لەو هەڤپەیڤینەدا وەزیری پێشووی دارایی بەریتانیا هێرشەکەی سوپای پاسدارانی بۆ سەر ماڵی پێشڕەو دزەیی بە بیانووی ئەوەی ماڵەکەی بنکەی مۆساد بووە، بە تۆمەتێکی ناڕاست دەزانێت و دەڵێت؛ شتێکی نادادپەروەرانەیە کە ئەم جۆرە تۆمەتانە ئاراستەی کەسێکی وەک پێشڕەو دزەیی بکرێن". دەشڵێت: "وا دیارە کورد بوونەتە ئامانجێکی بێبەرامبەر بۆ ئەو خەڵکەی هیچی دیکەیان پێ ناکرێت، واتە قسەیەک لە دژی ئیسرائیل دەکەن، بەڵام لە بری ئەوە هێرش دەکەنە سەر کورد".
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ نەدیم زەهاوی، وەزیری پێشووی دارایی بەریتانیا:
رووداو: دەمەوێ لەو ئاڵۆزییانەوە دەستپێبکەم کە ئێستا لە ناوچەکە هەن، ماوەی چەند مانگێکە شەڕی ئیسرائیل و حەماس بەردەوامە، بۆ نەتوانراوە تاوەکو ئێستا ئاگربەستێک رابگەیێنن سەرباری ئەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بەردەوامن؟
نەدیم زەهاوی: سوپاس بۆ ئەم میواندارییەی رووداو. تۆ زۆر راستتکرد کە منت وەک کوردێکی سەربەرز و وەزیری پێشووی دارایی شانشینی یەکگرتوو ناوبرد. دەیڤد کامێرۆن، وەزیری دەرەوە بەوپەڕی تواناکانی، لەسەر چەند شتێک کاریکردووە، یەکەم: بۆ ئەوەی یارمەتیی مرۆیی بگەیێندرێتە نێو غەززە بە زووترین کات و خێراترین شێوە، هەروەها بۆ ئەوەی وەستانێکی کاتی لە جەنگدا دروستبێت و ببێتە هۆی ئاگربەستی بەردەوامی جەنگ. شتێکی دیکەش کە هێندەی ئەمە گرنگە، بارمتەکانە. پێموایە گرنگە بارمتەکان بە زووترین کات ئازادبکرێن، کە بە بڕوای من ئەوە وادەکات گەیشتن بە ئاگربەستێکی بەردەوام، ئاسانتر بێت. پێویستە بارمتەکان بهێنینە دەرەوە، هەروەها یارمەتییە مرۆییەکانیش ببەینە نێو غەززە.
رووداو: بۆچی نەتوانراوە ئاگربەست رابگەیەنن، لەگەڵ ئەوەی قەتەر، میسر و وڵاتانی دیکە دەیانەوێ ئاگربەستێکی مرۆیی بۆ ماوەی چەند مانگێک هەبێت تاوەکو هاوکاری مرۆیی بگەیێندرێتە غەززە، ئەو شەڕە بۆ تاوەکو ئێستا رانەگیراوە؟
نەدیم زەهاوی: ئەو کارەی قەتەر و میسر دەیکەن، گرنگە بۆ ئەم پڕۆسەیە. پێویستە بڵێم کە ئوردن و ئیماراتیش رۆڵێکی گرنگ دەبینن لە داهاتووی فەلەستین و چارەسەرێکی بەردەوامی فەلەستینی کە پێویستە بە زووترین کات بەدیبهێنرێت و سەرنجی بخرێتە سەر. ئەوە گرنگە. حکومەتی بەریتانیا لەو پڕۆسەیەدا هاوئاهەنگیی زۆری لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا هەیە کە زۆر لە رووی جوگرافییەوە زۆر نزیکترن. ئێمە بەردەوامین لە دڵنیابوونەوە لەوەی ئێمەش رۆڵمان هەبێت لە گەیشتن بەو شوێنە، بۆ ئەوەی بارمتەکان ئازادبکرێن و جەنگەکە بە شێوەیەکی کاتی بوەستێنرێت و دواتر ئەوە بگۆڕین بۆ ئاگربەستێکی بەردەوام و لە کۆتایشدا بگەینە چارەسەرێک، بە جۆرێک لەم رۆژە تاریکانەدا، چارەسەری دوو دەوڵەت بەدیبێنێت، بۆ ئەوەی دەوڵەتێکی زیندووی فەلەستینی لە کۆتاییدا دروستبێت.
رووداو: ئایا شەڕەکە فراوان دەبێت؟ بەتایبەتی ئێستا ئێران بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشدارە، بۆ نموونە گرووپی مقاوەمە لە عێراق بەوە تۆمەتبار دەکرێت لە ئێرانەوە نزیکن، حووسییەکانی یەمەن و حیزبوڵڵای لوبنانیش بە هەمانشێوە، پێتوایە شەڕی غەزە فراوان دەبێت یان کۆنترۆڵ دەکرێت؟
نەدیم زەهاوی: لە کۆتاییدا، دەبێت ئاشتی لە سەرانسەری ناوچەکەدا بەرقەرار بکەین، ئەمەش تەنیا ئەو کاتە روودەدات کە گرووپە تیرۆرستییەکانی وەک حووسییەکان یان ئەوانی دیکە، چیدیکە نەتوانن لە کارەکانیان بەردەوام بن، پێویستە ئۆکسجینی ئەو پشتیوانییە ببڕین کە بۆ ئەم گرووپانە دەچێت. ئەمەش تەنیا ئەو کاتە روودەدات کە ئێران بڕیاربدات ببێتە لایەنێکی بونیادنەر و خۆی لەو جەنگە بەوەکالەتە بەدووربگرێت کە ئێستا لە ناوچەکەدا دەبینین، ئەمە بڕیارێکە لە دەستی ئێراندایە.
رووداو: ئێران رۆڵی لەو ئاڵۆزیانەدا چییە کە لە ناوچەکە هەن؟
نەدیم زەهاوی: وەزیری دەرەوە قسەی لەسەر ئەم پرسە کردووە و زۆر راشکاو بووە... لۆرد کامێرۆن گوتی کە ئێمە ئێران رووبەڕووی بەرپرسیارێتی دەکەینەوە لە بەرامبەر هێرشی هێزە بەوەکالەتەکانی بۆ سەر کوردستان، بۆ سەر رێڕەوەکانی هاتووچۆی دەریایی و شوێنەکانی دیکە. پێویستە ئێران باش بیر لە هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە ناوچەکە بە گشتی بکاتەوە، واتە نەک تەنیا داهاتووی خەڵکی فەلەستین، کە بێگومان ئەوەش هەمان گرنگیی هەیە.
رووداو: ئەمریکا و بەریتانیا هاوپەیمانێتییەکیان پێکهێناوە بۆ لێدان لە حووسییەکان کە رێگری لە هاتوچۆی بازرگانی لە دەریای سوور دەکەن، ئەو هاوپەیمانێتییە تاوەکو کەی بەردەوامدەبێت و ئایا هێرشەکانیان بۆ سەر حووسییەکان زیاتر دەبێت؟
نەدیم زەهاوی: گرنگە حووسییەکان لەوە تێبگەن کە ئەو هاوپەیمانییەی بۆ پاراستنی رێڕەوە بازرگانییەکان پێکهێنراوە – کە بۆ هەموو جیهان و بازرگانیی جیهان گرنگە، واتە وەک چۆن بۆ ئابووریی رۆژئاوا گرنگە، بۆ ئابووریی چینیش گرنگە – بەردەوام دەبێت لە رێگریکردن لە هێرشی سەر رێڕەوە دەریاییەکان و بۆ ئەو مەبەستە، هەموو هەنگاوێکی پێویست دەگرێتەبەر. هەروەها سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی لێرە قسە دەکات بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە لەوەی هاوپەیمانەکانیشمان لە ناوچەکە دەپارێزرێن. ئێمە سەرکۆنەی ئەو شتە دەکەین کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر لە هەولێر روویدا. کاک پێشڕەو دزەیی پیاوێکی بێتاوان بوو کە بە بڕوای من بە شێوەیەکی نایاسایی کوژرا. پێویستە ئەمە ببێتە پەیامێک و بەو هێزە بەوەکالەت و خەڵکەی بدەین کە بوونەتە هۆکاری ئەم مەرگ، وێرانکاری و پشێویە.
رووداو: ئەو بیانوویانەی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر هەولێر دەیانهێنێتەوە کە بنکەی ئیسرائیلی لێیە، تا چەند راستە؟
نەدیم زەهاوی: لەگەڵ رێزم؛ ئەوە تۆمەتێکی ناڕاستە. من پێشڕەو دزەیی دەناسم، من خێزانەکەی دەناسم، ئەو بازرگان، وەبەرهێنەر و کوردێکی مەزنە. شتێکی نادادپەروەرانەیە کە ئەم جۆرە تۆمەتانە ئاراستەی کەسێکی وەک پێشڕەو دزەیی بکرێن و بە شێوەیەکی ستەمکارانە بکوژرێت. هیچ شتێکی لەو شێوەیە نییە. دەزانین هیچ شتێکی لەو شێوەیە نییە. بەڵام بە داخەوە، کە ئەمە زۆر دڵم ئازار دەدات، وا دیارە کورد بوونەتە ئامانجێکی بێبەرامبەر بۆ ئەو خەڵکەی هیچی دیکەیان پێ ناکرێت، واتە قسەیەک لە دژی ئیسرائیل دەکەن، بەڵام لە بری ئەوە هێرش دەکەنە سەر کورد. پێموایە ئەوە شێوەیەکی زۆر ترسنۆکانەیە بۆ رەفتارکردن لە ناوچەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ