ترەمپ بڕیاری دا سزاکانی سەر سووریا هەڵبگرێت

13-05-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری دا سزاکانی سەر سووریا هەڵبگرێت و بڕیارە سبەی چوارشەممەش چاوی بە ئەحمەد شەرع بکەوێت. نەتەوە یەکگرتووەکانیش پێشوازی لە بڕیارەکەی ترەمپ بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا دەکات.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 13-05-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە گوتەیەکدا لە سعودیە لەبارەی سیاسەتی ئیدارەکەی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست قسەی کرد، بەشێکی گوتارەکەی تایبەت کرد بە دۆخی سووریا.
 
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، خەڵکی سووریا لە چەندین ساڵی رابردوودا مەینەتیی زۆری چەشتووە، بەڵام "ئێستا حکومەتێکی نوێ هەیە کە ئومێدەوارین سەرکەوتن بەدەستبهێنێت لە سەقامگیرکردنی وڵاتەکە و پاراستنی ئاشتییەکەی."
 
شەڕی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2011 دەستیپێکرد، بەڵام لە 08-12-2024 دەستەی تەحریری شام بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، کە ئەو کات بە ئەبو محەممەد جۆلانی ناسرابوو، لەگەڵ گرووپە چەکدارە نزیکەکانی، کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنا. ئەوەش دوای ئەوەی لە ئەنجامی شەڕی نێوخۆی سووریادا سەتان هەزار کەس کوژران و ملیۆنان کەسی دیکە ئاوارە و کۆچبەر بوون.
 
ترەمپ هەروەها گوتی، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی هەیە، "ئیدارەکەم یەکەمین هەنگاوەکانی ناوە بە ئاراستەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و سووریا، بۆ یەکەمجار لە ماوەی دەیەیەکدا. بە خۆشحاڵییەوە رایدەگەیێنم کە مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوە لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی نوێی سووریا لە رۆژانی دوایی ئەم هەفتەیە لە تورکیا کۆدەبێتەوە."
 
 
سەرۆکی ئەمریکا زیاتر لەبارەی بابەتەکە قسەی کرد و گوتی، "لەوەش گرنگتر، دوای تاوتوێکردنی دۆخی سووریا لەگەڵ شازادەی جێنشین، شازادەی جێنشینی ئێوە (محەممەد بن سەلمان)، هەروەها لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغانی تورکیا، کە ئەو رۆژە تەلەفۆنی بۆ کردم و داوای هەمان شتی کرد، هەروەها چەندین کەس و دۆستی دیکەم لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، فەرمان دەکەم بە کۆتاییهێنان بە سزاکانی سەر سووریا بۆ ئەوەی دەرفەتێکیان بدەمێ."
 
راگەیاندنەکە لە کاتێكدایە، هەر ئەمڕۆ بەرپرسێکی کۆشکی سپی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "سەرۆک ترەمپ رازی بووە سبەی لە سعودیە سڵاوێک لە سەرۆکی سووریا بکات."
 
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە سەردانێکی سێ رۆژە گەیشتە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و یەکەم وێستگەی سەردانەکەشی سعودیە بوو، بڕیاریش بچێتە هەریە لە وڵاتانی ئیمارات و قەتەر و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتانەش کۆببێتەوە.
 
ترەمپ لە سعودیە لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی ئەو وڵاتە چەندین رێککەوتنی بە بەهای سەدان ملیار دۆلار واژۆ کرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە