سوپای پاسداران: ئۆپەراسیۆنی 'پەیمانی راست 3' دژی ئیسرائیل دەستیپێکرد

13-06-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بۆ سەر ئیسرائیل راگەیاند. 
 
سوپای پاسداران ئۆپەراسیۆنەکەی ناوناوە "پەیمانی راستگۆ 3" و دەڵێت، وەڵامی "تووند"ی ئیسرائیل دەداتەوە.
 
پەیمانی راستگۆ 3 ئاماژەیە بۆ هێرشە مووشەکییەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر ئیسرائیل کە یەکێکیان لە مانگی نیسانی ساڵی رابردوو و ئەوی دیکەش لە تشرینی یەکەمی 2024 بوو. 
 
دەقی راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران:
 
بە ناوی خودای بەخشندەی میهرەبان
 
«وَسَیَعْلَمُ الَّذِینَ ظَلَمُوا أَیَّ مُنْقَلَبٍ یَنْقَلِبُونَ»
 
(ئەوانەی ستەمیان کردووە، لەمەودوا دەزانن چارەنووسیان چی دەبێت و بۆ کوێ دەگەڕێنەوە)
 
دوای دەستدرێژی و کردەوەی دوژمنکارانەی رژێمی تیرۆریستیی دڕندە و منداڵکووژی زایۆنی لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا بۆ سەر چەند ناوچەیەکی ئێرانی ئیسلامی کە بووە هۆی شەهیدبوونی کۆمەڵێک فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکان، زانایانی دیار و هاووڵاتییانی بێتاوان، بەتایبەتی منداڵانی ستەملێکراو، سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی وەک باڵی بەرگری و هێرشبەریی گەلی ئێران، بە پشتبەستن بە هێزی خودایی، رێنوێنییە ژیرانەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان (سێبەری بەردەوام بێت) و داواکاری و پشتیوانیی یەکگرتووانەی گەلی شکۆمەندی ئێران، وەڵامی تووند و وردی خۆی بۆسەر دەیان ئامانج، ناوەندی سەربازی و بنکەی ئاسمانیی رژێمی داگیرکەری زایۆنی لە خاکە داگیرکراوەکاندا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "پەیمانی راستگۆ 3" بە ناوی کۆدی پیرۆزی "یا عەلی ئەبی تالیب (ع)" لە شەوی پیرۆزی جەژنی غەدیردا جێبەجێکرد.
 
ورردەکارییەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنە لە راگەیێندراوێکی دیکەدا بە گەلی شکۆمەندی ئێران رادەگەیێندرێت.
 
راگەیاندنی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە