رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا داوا لە هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکات، ئەو دەرفەتەی لە سووریا هاتووەتە پێش بقۆزنەوە، داواشیان لێدەکات سیاسەت و شوێنی ئێستایان بگۆڕن.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنفرانسێکی هاوبەشدا لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کە ئەمڕۆ چوارشەممە 13-8-2025 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، باسی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ی کرد و چەند پەیامیکی بۆ ناردن.
هاکان فیدان رایگەیاند، ئەو ئەندامانەی رێکخراوەکە کە لە تورکیا، ئێران، عێراق و ئەورووپاوە هاتوون، سووریایان جێنەهێشتووە. هەروەها جەختی کردەوە کە لەدوای رێککەوتنەکەی 10ی ئاداریش هیچ هەنگاوێکی متمانەبەخشیان نەناوە. هاوکات تورکیا هیچ هەنگاوێک نابینێت کە نیشانی بدات ئەوان چەک دادەنێن.
لەکاتێکدا هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رەتیدەکەنەوە کە چەکدانانی پەکەکە پەیوەندیی بە ئەوانەوە هەبێت، وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی: "لە قۆناخی نوێدا زۆر روونکردنەوە لەلایەن یەپەگە- هەسەدە دەبینین. بەداخەوە کاتێک سەیری کۆی گشتیی روونکردنەوەکان دەکەین، ئەمە دەبینین؛ یەک: ئێمە رێککەوتننامەی 10ی ئادار بەم جۆرە قبووڵ ناکەین. دەڵێن بڕگەکانی رێککەوتنمان لەگەڵ حکومەتی سووریا پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە. دووەم: دەڵێن ئەو پرۆسەیەی تورکیاش پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە. باشە ئەی چی پەیوەندیی بە ئێوەوە هەیە؟"
وەزیری دەرەوەی ئێران داوای لە بەرپرسانی یەپەگە کرد، "لەگەڵ حکومەتی شام بڕۆنە نێو کەشێکی ئەرێنی، ئەوەی لەدەستتان دێت بۆ دووبارە بونیاتنانەوەی سووریا بیکەن. چی زووە خۆتان لەو قاڵبە دەربهێنن کە بە کۆکردنەوەی چەک لە جیهانەوە و تیرۆرستان، بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی تورکیا و ناوچەکە. ئەو شوێنەی ئێستا لێی وەستاون، شوێن نییە. ئیدی ئەمە بگۆڕن".
فیدان هەروەها ئاماژەی بە بوونی هەنگاوی ئەرێنی لە تورکیا و سووریاوە سەبارەت بە هەسەدە کرد و گوتی: "ویستێک لەلایەن شام و ئەنقەرە هەیە کە دەیەوێت بە ئاشتی و دیالۆگ کارەکە بکات. ئەمە ویستێکی مێژووییە. دەبێت (هەسەدە) ئەمە بەکاربهێنن. ئێمە لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەین و هیوارم ئەوان تێبگەن".
وەزیری دەرەوەی تورکیا هەروەها هەسەدەی بەوە تۆمەتبارکرد گوایە دەیەوێت بە پشتیوانیی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا دژایەتیی تورکیا دەکات و نایەوێت خۆی لەگەڵ سیستمی نوێی سووریا بگونجێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ